Accessibility links

کۆمیتەیەکی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوای ڕاستەوخۆ پـڕچەککردنی پـێشـمەرگە دەکات


کۆمیتەی کاروباری دەرەوەیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پـرۆژە بڕیارێـکی پەسەندکرد بۆ ڕاستەوخۆ پـڕچەککردنی هێزەکانی پـێشـمەرگە لە لایەن ئەمەریکاوە.

ئێدوارد ڕۆیس سەرۆکی کۆمیتەکە دوێنێ چوارشەممە لە دانیشتنێکدا گوتی هێزە کوردیـیەکان لە باکوری عێراق یەکێـکن لە هەرە هاوبەشە نزیکەکانمان لە شەڕی دژی داعشدا.

پاشان گوتی بەپـێی یاسای ئێسـتا، پـێویستە هەموو یارمەتیـیە لەشکریـیەکانی بۆ کورد ڕەوانە دەکرێن لە ڕێگەی بەغداوە بن کە لە لایەن شیعەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش بووەتە مایەی دواکەوتنی گەیاندنی چەکەکان و هەروەها ئەنجامدانی کارەکانی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزە کوردیـیەکان.

گوتیشی ئەم پـرۆژە یاسایە بەربەستەکان لادەبات لە بەردەم گەیاندنی چەک بۆ هێزە کوردیـیەکان، لەوانە موشەکی دژە تانک و ماشێنی زرێپـۆش و تۆپـی دورهاوێژ.

حکومەتی بەغدا و ئەو میلیشیا شیعەیانەی ئێران پاڵپشـتیان دەکات، لە دژی ئەوەن ئەمەریکا ڕاستەوخۆ چەک و تەقەمەنی بە کورد و سوونە ڕەوانە بکات.

پـرۆژە یاساکە ڕێگە بە سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ ماوەی 3 سـاڵ بڕیار بدات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پـێداویستی لەشکری ڕەوانەی هێزەکانی پـێشمەرگە بکرێن و هەروەها مەشق و ڕاهێنانیشیان پـێبکرێت. داواش لە سەرۆک ئۆباما دەکات بەردەوامبێت لە ڕاوێژکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە پـێویستە ئەو چەکانە بۆ ئامانجی هاوبەش بەکاربهێنرێت ئەویش شکستهێنان بە داعش. هەروەها گوتی بە ڕوونی لە پـرۆژە بڕیارەکە هاتووە کە ئامانج لەم کارە سەربەخۆیی کورد نیـیە، بەڵکو تەنها شەڕی داعشە.

کۆنگرسمان ئێدوارد ڕۆیس کە کەسێـکی کۆماریـیە و نوێنەرێـکی ویلایەتی کالیفۆرنیاشە لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی لە ئێسـتادا نزیکەی 160 هەزار پـێشمەرگە لە عێراقدا هەن کە نزیکەی 30% یان ژنن. گوتیشی نزیکەی 8500 پـێشـمەرگە لە بەرەکانی پـێشەوەی شەڕی دژی داعش گیانیان لەدەسـتداوە یان برینداربوون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد زۆربەی ئەم زیانانەی بەر پـێشـمەرگە کەوتوون لە ئاکامی ئەو چەکە باشانە بووە کە کەوتوونەتە دەسـتی داعشەوە و پـێشـمەرگە لە بەرامبەریاندا هەڵنایەت و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

باسی لەوەش کرد بەشێـکی زۆری ئەو چەکانەی لە دەسـتی پـێشـمەرگەدایە هی سەردەمی سەدام حسێنە و تەنانەت هەندێـکیان هی سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیشە.

ژمارەیەک لە کۆنگرسمانەکانی سەر بە دیموکراتەکان ئەوانیش لە بەرژەوەندی پـرۆژە بڕیارەکە قسەیان کرد، لەوانە ئیلیۆت ئەنگلی دیموکرات لە ویلایەتی نیویۆرک. گوتی دەبێت دڵنیا ببین لەوەی کوردەکان هەموو شتێـکیان هەیە کە پـێویستیانە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان. گوتیشی ئەوان بە تەنها ناتوانن ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.

جێی ئاماژەیە لە ئێسـتادا پـرۆژە بڕیارەکە پـێوستی بە پەسەندکردنە لە ئەنجومەنی نوێنەران و پاشان لە پـرۆژە بڕیارێـکی هاوشێوە لە ئەنجومەنی سینات پـێشـکەشبکرێت و پەسەندبکرێت تاوەکو و دواتر لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاشەوە پەسەندبکرێت تاوەکو بڕیارەکە بچێتەوە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

دەقی گوتەکانی ئێدوارد ڕۆیس بۆ پـڕچەککردنی ڕاستەوخۆی پـێشمەرگە
please wait

No media source currently available

0:00 0:05:17 0:00

XS
SM
MD
LG