Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: هیچ بەڵگەیەک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات کۆمەڵە توندڕەوەکان لە پشت هێرشەکەی ئۆرلاندۆ بن


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت لێکۆڵەرەوان هەتا ئێسـتا بەڵگەیەکی ڕوونیان بەردەست نەکەوتووە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکات عومەر مەتین، لە لایەن کۆمەڵە توندڕەوەکانەوە ڕاسپـێرداربێت ئەو کوشـتنکاریـیە بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە جێمس کۆمی سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI و وەزیری ئاسایشی ناوخۆ جێ جۆنسن و چەند کاربەدەستێـکی دیکە لە کۆشـکی سپـی، سەرۆک ئۆباما گوتی وەها پـێدەچێت ئەو بابەتانەی توندڕەوان لەسەر ئنتەرنێت بڵاوی دەکەنەوە کارێگەری لەم کەسە کردبێت.

باسی لە لێکۆڵینەوەکانیش کرد و گوتی وەکو هێرشی تێرۆرستی لێی‌دەڕوان. جەختی لەوە کرد هیچ بەڵگەیەک نیـیە نیشانی بدات هێرشەکە بەشێـک بێت لە پـلانێـکی گەورە.

پاشان سەرۆک ئۆباما گوتی هێرشبەرەکە ئەو چەکانەی کوشـتنکاریـیەکەی پێ‌کردوون، بە شێوەیەکی یاسایی دەستی‌کەوتوون، ئەمەش نیشانی دەدات بەدەسـتهێنانی چەک بە سانایی چەندە مەترسیدارە.

ئاماژەی بۆ سووکی یاساکان کرد کە ڕێگە بە کەسانی مەترسیدار دەدات دەستیان بە چەک بگات، بۆیە سەرلەنوێ داوایکرد ئەو یاسایانە قورس بکرێن.

لە لایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ دووشەممە دەزگای FBI ڕایگەیاند 49 کەس لە هێرشی سەر یانەی شەوانەکەی ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا کوژراون و هەتا ئێسـتا 48 کەسیان ناسراونەتەوە. پـێشتر ڕاگەیەندرابوو 50 کەس کوژراون، بەڵام دەڵێن هێرشبەرەکەش لە نێو کوژراوەکاندا ژمێردرابوو.

تیمێـکی هاوبەش لە پـۆلیس و FBI پـێکهێنراوە بۆ ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری قوربانیـیەکان. ئەمە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکا کەسێـک بە تەنیا بتوانێت لە هێرشێـکدا 49 کەس بکوژێت و 53 کەسی دیکە برینداربکات.

سەرۆک ئۆباما: هیچ بەڵگەیەک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات کۆمەڵە توندڕەوەکان لە پشت هێرشەکەی ئۆرلاندۆ بن
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:18 0:00

XS
SM
MD
LG