Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بڕیار دەدات هەتا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی تەنیا 1400 سەرباز لە ئەفغانستان بکشێنـنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئەفغانسـتان زۆر کەم نەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانیـیە ئاسایشـیــیانەی لەو وڵاتەدا هەن.

سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێـکیدا لە کۆشکی سـپی گوتی فەرمانی کردووە هەتا کوتایی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو 8400 سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتاندا بمێنـنەوە.

گوتیشی ئەم فەرمانەی داویەتی لەسەر ڕاسپاردەی ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری و فەرماندەکانی لەشکر و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی بووە. جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا پابەندە بە پاراستنی ئەفغانسـتان و خەڵکەکەی، بۆیە مانەوەی ژمارەی زیاتری سەربازی ئەمەریکایی لەو وڵاتە پاڵپـشتیـیەکی باش دەبێت بۆ هێزەکانی ئەفغانسـتان و هەروەها بۆ ئاسایشی ئەمەریکاش باشترە.

لە ئێسـتادا نزیکەی 9800 سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتانن و هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی تاڵیبان و گروپە توندڕەوەکانی دیکە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە مانگی دەی ساڵی 2015 سەرۆک ئۆباما بڕیاری دابوو هەتا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتان بۆ 5500 کەم بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG