Accessibility links

ئەمەریکا: بەرەی نوسرە بە ناوە نوێـیەکەشیـیەوە هێشتا ئامانجی شەرعی هێزەکانمانە


گوتەبێژی کۆشـکی سـپی دەڵێت تێڕوانینی واشنتن بۆ بەرەی نوسرە لە سوریا ناگۆڕێت سەرەڕای ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن پەیوەندی بە ڕێـکخراوی قاعیدەوە نەماوە. گوتیشی هێشتا ئەو گروپە جێی هەڕەشەیە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا.

ڕۆژی پـێنجشەممە بەرەی نوسرە ڤیدیۆیەکی لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکردەوە و تیایدا ڕێبەرەکەیان محەمەد جۆلانی گوتی سوپاسی ئەیمەن زەواهری ڕێبەری قاعیدە و ئەحمەد حەسەن ئەبو ئەلخێری جێگری دەکات کە ڕەچاوی بارودۆخەکەیان کردوون.

پاشان گوتی ناوی گروپەکەیان گۆڕیوە بۆ "جبهة فتح الشام" و چیتر پەیوەندیـیان بە لایەنی دەرەکیـیەوە نامێنێت. گوتیشی ئەم بڕیارەیان لە پـێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەیە کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و لە سەروو هەموویانەوە ئەمەریکا و ڕووسیا بەهۆیانەوە بۆردومانیان دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەرەی نوسرە تەنانەت بەو ناوە نوێـیەی وەکو ئامانجێـکی شەرعی هێزەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەمێنێتەوە.

جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی دەبێت چاوەڕێ بکەین و بـبینین، ئینجا بڕیار دەدەین لەسەر ڕەفتارەکانیان نەک لەسەر ئەو قسەکانیان.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی پـێنجی سـاڵی 2013 بەرەی نوسرەی خستە ڕێزی ڕێـکخراوە تێرۆرستیـیەکانی سەر بە ئەلقاعیدە. هەر بۆیە لە وتووێژەکانی ئاشتی سوریاش، ئەوانەی بە سەرپەرشتی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچن دورخراونەتەوە و هەروەها ئەو ئاگربەستەی لە مانگی دووەوە لە سوریا ڕاگەیاندرا ئەوانیشی نەگرتەوە.

XS
SM
MD
LG