Accessibility links

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا: بە هێرشێـکی ئاسمانی ئەمەریکا بەرپـرسێـکی بەرەی نوسرە کوژراوە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت کاربەدەسـتان ئەمەریکا بۆیان ڕاگەیاندووە کە بە هێرشێـکی ئاسمانی وڵاتەکەیان لە سوریا سەرکردەیەکی گەورەی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە کوژراوە کە ناسراوە بە ئەبو فیراس ئەلسوری.

کاربەدەسـتەکان داوایان کردبوو ناسنامەکانیان ئاشکرا نەکرێن و ئامادەش نەبوون وردەکاری زیاتر لە بارەی هیرشەکەوە بدەن و ئایا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کوژرابێت یان نا.

پـێشتر کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ گوتی ڕەزوان نەموس ناسراو بە ئەبو فیراس ئەلسوری لە ئەنجامی هێرشێـکی ئاسمانی سوریا یان ڕووسیا لە گوندێـکی باکوری ڕۆژئاوای شاری ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ڕۆژی یەکشەممە کوژرا.

هاوکات چەند سەرچاوەیەک لە نێو ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، کوشتنی ئەبو فیراس ئەلسوریـیان پشـتڕاستکردەوە و گوتیان ناوبراو ئەندامێـکی گەورەی ئەنجومەنی شورای بەرەی نوسرە بووە و بڕیاردەر بووە.

دەشڵێن ناوبراو خەڵکی ناوچەی مەزایای نزیک دیمەشق بووە و ئەفسەرێـکی لەشکری سوریا بووە و لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خانەنشین کراوە بەهۆی پەیوەندی بە ئیخوان ئەلموسلیمینەوە، پاشان لە هەشتاکان ڕووی لە ئەفغانسـتان کردووە و چووەتە پاڵ گروپە ئیسلامیـیە توندڕەوەکان و شەڕی بۆ کردوون و لەگەڵ ئوسامە بن لادنیش کاری کردبوو. پاش ئەفغانسـتان لە ساڵی 2003 ڕووی لە یەمەن کردووە و لە ساڵی 2011 گەڕاوەتەوە بۆ سوریا و بۆ ماوەیەکیش گوتەبێژی بەرەی نوسرە بووە.

XS
SM
MD
LG