Accessibility links

میدیاکان: دۆناڵد ترەمپ خانمێـکی بۆ پـۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەسـتنیشانکردووە


ژمارەیەک لە میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا خانم نیکی هێڵی بۆ گرتنەدەستی پـۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەسـتنیشانکردووە.

نیکی هێڵی یەک بوو لەو کۆماریـیانەی ڕەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ دەگرت و لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە لە سەرەتا پشـتیوانی لە مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری فلۆریدا دەکرد و پاشان پشـتیوانی لە تێد کروز کرد، بەڵام بەر لە دەنگدانەکە گوتی دەنگ بە ترەمپ دەدات هەرچەندە تێبینی لەسەر هەیە. ڕۆژی پـێنجشەممەی ڕابردوو لە نیویۆرک لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و پاشان بە میدیاکانی گوت وتووێژێـکی باشیان ئەنجامداوە.

نیکی هێڵی کە ناوی تەواوی (نیمراتا نیکی ڕانداوا هێڵی) یە تەمەنی 44 ساڵە و بە ڕەچەڵەک هیندیـیە و باوک و دایکی خەڵکی پـونجابی هیندستانن. لە ساڵی 2011 وە هەتا ئێستا فەرمانڕەوای ویلایەتی ساوث کارۆلاینایە. پـێشتر لە ساڵی 2005 هەتا 2011 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەمان ویلایەت بوو.

ئەگەربێت و بە فەرمی دەسـتنیشانکردنەکەی پشـتڕاستبکرێتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم خانم پـۆستی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی دۆناڵد ترەمپ بگرێتەدەست، بەڵام پـێوستە لە پـێشدا ئەنجومەنی سینات پەسەندی بکات.

XS
SM
MD
LG