Accessibility links

نێڵ گۆرسچ وەک دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا سوێندی یاسایی دەخوات


نێڵ گۆرسچ وەک 113 هەمین دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە سوێندی یاسایی خوارد و شوێنی دادوەر ئەنتۆنن سکالیـیای گرتەوە کە لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.

گۆرسچ کە پـێشتر دادوەری فیدراڵی بوو لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ ئەمڕۆ لە باخی گوڵی کۆشکی سـپی لە بەردەم سەرۆک ترامپ و مایک پێنس جێگری سەرۆک سوێندی یاسایی خوارد لەسەر دەستی دادوەر ئەنتۆنی کێندی و خانم لویز گۆرسچی هاوسەری ئنجیلەکەی بۆ گرتبوو.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ گورسچ لە دادگای باڵا سوێندێـکی یاسایی دیکەی خواردبوو لە بەردەم هەشت دادوەرەکەی دیکەی دادگاکە کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان ئامادەی بۆنەکەبوون ، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر دەستی دادوەر جۆن ڕۆبەرتس سوێندەکەی خوارد. لەوێش هاوسەرەکەی و هەردوو کچەکەی ئامادەبوون.

گۆرسچی تەمەن 49 ساڵ لە 31 ی مانگی یەکی ئەمساڵدا لە لایەن سەرۆک ترامپەوە بۆ ئەو پـۆستە دەسـتنیشانکرا، بەڵام بەهۆی تێبینی زۆری دیموکراتەکان لەسەری وەک کەسێـکی کۆنەپارێز پەسەندکردنەکەی لە ئەنجومەنی سینات دواکەوت هەتا ڕۆژی هەینی ڕابردوو کە بە دەنگی 54 بەرامبەر 45 سیناتۆر پەسەندکرا، بەمەش دەبێتە 9 هەمین دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا و دەتوانێت لە 15 ی ئەم مانگی چوارەوە دەسـتبەکارببێت.

بەپـێی دەسـتوری ئەمەریکا دادگای باڵا بەرزترین لایەنی دادوەری وڵاتەکەیە و دادوەرەکانی کە لە 9 دادوەر پـێکدێت، دەتوانن هەتا لە ژیاندا ماون لە پـۆستەکانیان بمێننەوە، بەمەش هیچ سەرۆکێـک یان دەزگایەکی وڵاتەکە دەسەڵاتی لابردنی ئەم دادوەرانەی نیـیە کە جێی ئەپەڕی متمانەن.

XS
SM
MD
LG