به‌پـێی ڕۆژنامه‌یه‌کی ناودار ئه‌مه‌ریکا به نیازه بنکه‌یه‌کی سه‌ر ئاو بۆ هێزی تایبه‌ت ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بکات، ئه‌مه‌ش له کاتێـکدا په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که گرژیان تێـکه‌وتووه.
ڕۆژنامه‌ی واشنتن پـۆست ده‌ڵێت هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریکا نیازی هه‌یه گۆڕانکاری به‌سه‌ر که‌شـتیـیه‌کی جه‌نگی کۆندا بکات به شێوه‌یه‌ک وه‌کو بنکه‌یه‌کی سه‌ر ئاوی لێـبکات بۆ هێزه‌کانی کۆماندۆ و ناوی بنێت mothership.
گوته‌بێژێـکی هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریکا ئاماده نه‌بوو لێـدوان له‌سه‌ر ورده‌کاری پـلانه‌که بدات یان ئاشـکرای بکات ئه‌و بنکه‌یه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕه‌وانه ده‌کرێت یان نا.
ڕۆژنامه‌که ده‌ڵێت ڕه‌نگه ئه‌و بنکه‌یه له ناوچه‌ی که‌نداوی فارس‌دا دابنرێت که ئێسـتا له‌وێ ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخسـتنی ته‌نگه‌ی هورمز ده‌کات.