وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕیکس تیلەرسنی وەزیری دەرەوە و جان کێڵی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی لەم هەفتەیەدا چاوییان بە ئێنریکی پینا نێتۆ سەرۆکی مەکسیک دەکەوێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک ڕایگەیاند سەردانەکە لە چوارشەممە و پێنجشەممەدا دەبێت و ئامانجی سەردانەکەش باسکردنی بابەتەکانی سەر سنوور و هاوکاریکردنی یەکتر و پۆلیس و بازرگانی نێوان هەردوولا دەبێت وەکو ئەوەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە.
هەفتەی ڕابردوو مەکسیک ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕێزدار و متمانەپێکراو دەبێت لەنێوان دوو وڵاتە دراوسێکەدا.
شایەنی باسە دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی نێوان مەکسیک و وڵاتە یەکگرتووەکان تێک چوو دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ چەند جارێک دووبارەی کردەوە کە دەیەوێت دیوارێک لەسەر سنووری ئەمەریکا و مەکسیک دروستبکات و مەکسیکیش تێچووی دیوارەکە بدات.
سەرچاوە/ فرانس پرێس