Accessibility links

کچە منداڵێـکی ئەمەریکایی داوایەکی سەیر لە پـۆلیس دەکات

  • VOA News

کچە منداڵێـکی تەمەن 10 ساڵی ئەمەریکایی لە شاری مێرن لە ویلایەتی ئۆهایۆ سەلماندی پـۆلیس لە خزمەتی خەڵکە و بە هەر چ شێوەیەک بتوانن خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن.

لینا، خوێندکارێکی پـۆلی پـێنجی سەرەتایی‌یە، مامۆستای ماتماتیکەکەی ئەرکێکی ماڵەوەی پـێڕادەسپـێرێت ئەویش دۆزینەوەی ئەنجامی چەند هاوکێشەیەکی ماتماتیکە، بەڵام کاتێـک دەچێتە ماڵەوە سەیردەکات ناتوانێت ئەنجامی هاوکێشەکان بدۆزێتەوە، بۆیە دەچێت لە ڕێگەی فەیسبوکەوە پەیام بۆ فەیسبوکی پـۆلیسی شارەکەیان دەنێرێت و تیایدا دەنووسێت " لەگەڵ ئەرکی ماڵەوەم کێشەم هەیە، ئەتوانن یارمەتیم بدەن؟"

پاش ماوەیەک پـۆلیسێـک وەڵامی دەداتەوە و بۆی دەنووسێت" چیـیە؟"

لینا بۆی دەنووسێت " لەمە تێناگەم (8+29)×15 "

پـۆلیسەکەش بۆی دەنووسێت " لە پـێشدا دوو ژمارەی نێو هەردوو کەوانەکە کۆبکەرەوە کە دەکاتە 37 و پاشان لێکدانی 15 ی بکە"

پاشان پـرسیارێـکی دیکەی لێ دەکاتەوە و بە هەمان شێوە پـۆلیسەکە ئاسانکاری بۆ دەکات.

دایکی کچەکە (مۆڵی دراپەر) بەسەرهاتی کچەکەی لە فەیسبوکەکەی بڵاودەکاتەوە و سوپاسی پـۆلیسی شارەکەی دەکات کە بەو شێوەیە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا دروستدەکەن.

دوێنێ سێشەممە پـۆلیسەکە سەردانی خوێندنگەکەی کرد و کراسێکی پـۆلیسی بە دیاری دا بە لینا و بۆی دووپاتکردەوە پـۆلیس هەمێشە لە خزمەتی هاوڵاتیان دەبن. پاشان وێنەیەکیان پـێکەوە گرت.

جێی ئاماژەیە لە ئەمەریکا زۆر جار خەڵکی بۆ مەبەستی سەیر پەنایان بۆ پـۆلیس و کارمەندانی فریاگوزاری بردووە. هەروەها منداڵان هەر زوو فێردەکرێن چۆن بۆ داواکردنی یارمەتی پەیوەندی بە پـۆلیس و دەزگا فریاگوزاریـیەکانی دیکە بکەن لە ڕێگەی ژمارە تەلەفونی 911 .

XS
SM
MD
LG