Accessibility links

جێب بوش: پـێویستە ڕاستەوخۆ چەک بە کورد بدەین

  • VOA News

جێب بوشی کۆماری کە خوازیارە بـبێتە کاندیدی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی سـاڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەڵێت پـێویستە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ چەک بە کورد بدات و سەربازانی ئەمەریکایی لەگەڵ لەشکری عێراق دابنێین و ڕێبەرانی سووننەی عێراقیش لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بەشداری پـێبکرێنەوە.

شەوی پـێـنجشەممە لە شاری دی مۆینی پایتەختی ویلایەتی ئایاوا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی تەلەفیزیۆنی لە لایەن کەناڵی فۆکس بۆ ئەو کۆماریـیانە سازکرا کە خوازیاری سەرۆکایەتی وڵاتەکەیانن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ کە یەکێـکە لەو کۆماریـیانەی پـیشتوانیـیەکی زۆری هەیە بەهۆی تێروانینی خراپی بۆ خانمە پـێشکەشکارەکەی کەناڵەکە ئەوەی بەرنامەکەی بەڕێوەدەبرد، ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەکە نەبوو.

کۆماریـیەکان بریتی بوون لە (ڕاند پـۆڵ سیناتۆری ویلایەتی کەنتاکی، کرس کرستی فەرمانڕەوای نیوجێرزی، بێن کارسۆن پـزیشکی نەشتەرگەری مێشک، تێد کروز سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا، جێب بوش فەرمانڕەوای پـێشووی فلۆریدا، جان کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ).

بەشداربوون ڕەخنەی زۆریان گرت لە ترەمپ کە هەرچەندە لەوێ ئامادەنەبوو.

سەرەتا تێد کروز کە بە پلەی دووەم دێت لە ڕاوەرگرتنە گشـتیـیەکاندا گوتی " ئێستا پاش ئەوەی لە ترەمپ ڕزگارمان بوو با بۆ خەڵکی نیشان بدەین بۆچی هەریەکەمان خۆی بە باشتر دەزانێت بۆ سەرۆکایەتی."

بە گشتی بەشداربووان بە هێمنی لەگەڵ یەکتر قسەیان دەکرد، هەرچەندە ئەمە دوایـین ڕووبەڕووبوونەوە بوو پـێش دەنگدانەکەی بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە ویلایەتی ئایاوا بەڕێوەبچێت. بەڵام مشتومڕێـکی توند لە نێوان هەریەک لە تێد کروز و مارکۆ ڕوبیۆ ڕوویدا سەبارەت بە مەسەلەی کۆچبەری لە ئەمەریکا.

ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و ئیسلامی توندڕەو و ستراتیژیـیەتی لەشکری لە دژی داعش بابەتی مشتومڕی نێوان بەشداربووان بوو.

هاوکات هەر لە دوری چەند کیلۆمەترێـک لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، دۆناڵد ترەمپ لە هۆڵی زانکۆی درەیەک گردبوونەوەیەکی تایبەتی بۆخۆی سـازکرد کە نزیکەی 700 کەس ئامادەی بوون و کەناڵی CNN ڕاستەوخۆ پەخشی کرد.

سەبارەت بە بایکۆتکردنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکە گوتی" کاتێـک بە خراپە مامەڵەت دەکەن دەبێت هەڵوێست وەربگریت. گوتیشی " سەیری ئەو هەموو کامێرانە بکەن وەهامان لێدەکات هەست بکەین وەکو لە بۆنەی پـێشـکەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردابین."

XS
SM
MD
LG