Accessibility links

لەشکری کۆریای باکور هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات


لەشکری کۆریای باکور دەڵێت بەبێ بەزەیـیانە لە ئەمەریکا دەدات ئەگەر بێت و واشنتن بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی کۆریای باکور ئەمڕۆ هەینی بەیانـنامەیەکی لەشکری بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا کەوتووەتە هەڕەشەکردن لە وڵاتەکەیان و ئەگەر بێت و هێرش بکرێتە سەر پـیۆنگیانگ، ئەوا بنکەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشور و کۆشکی شین (کۆشکی سەرۆکایەتی کۆریای باشور) لە ماوەی چەند خولەکێـکدا وێران‌دەکرێن.

دەشڵێت کەشتی فڕۆکە هەڵگری USS Carl Vinson ی ئەمەریکا کە بە وزەی ناوکی کاردەکات و لە ئێستادا لە ئاوەکانی نیمچە دورگەی کۆریایە، هێرشی بێ بەزەیـیانەی دەکەنەسەر.

لە لایەکی دیکە هان سۆنگ ڕیۆل جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت ئامادەن بۆ شەڕکردن لە دژی ئەمەریکا و وڵاتەکەی بەرەو ڕووی هەر هەوڵێـکی ئەمەریکا دەوەستێتەوە کە بۆ گۆڕینی ڕژێمی پـیۆنگیانگ بیدات.

سەبارەت بە تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی کە دەڵێن ڕەنگە کۆریای باکور لەم نزیکانە ئەنجامی بدات، هان سۆنگ گوتی ئەوە سەرکردایەتی وڵاتەکەی سات و شوێنی تاقیکردنەوەکە دەسـتنیشان دەکات.

وڵاتی چینیش ئەمڕۆ هەینی لە زاری وانگ یی وەزیری دەرەوە ئاگاهی دا کە شیانی هەیە لە هەر ساتێـکدا شەڕ ڕووبدات. گوتیشی ئەگەربێت و شەڕەکە هەڵگیرسا ئەوا کەس تیایدا سەرکەوتوو نابێت، وە ئەوەشی شەڕەکە هەڵدەگیرسێنێت بەرپـرسیارێتی مێژوویی دەکەوێتەسەر و دەبێت باجەکەی بدات.

ڕووسیاش لە زاری دیمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن ئەمڕۆ گوتی مۆسکۆ بە نیگەرانیـیەکی زۆرەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات، وە داوایکرد بە ڕێگەی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەربکرێن.

ئەم بەیانـنامەیەی لەشکری کۆریای باکور و نیگەرانیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی پاش ئەوە ڕاگەیەندران کە کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا گوتبوی تاووتوێی بژارە لەشکریـیەکان دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی کۆریای باکور لە بەرامبەر بەردەوامبوونی لە بەرنامەکانی خۆپڕچەککردن.

هەروەها سەرۆک ترامپ دوێنێ پـێنجشەممە گوتی کۆریای باکور کێشە و خۆمان دەزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.

بڕیارە مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بگاتە کۆریای باشور، ئەمەش لە چوارچێوەی گەشتێـکی دە ڕۆژی بۆ وڵاتانی ئاسیا کە پـێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە.

XS
SM
MD
LG