Accessibility links

تیلەرسن : هێرشەکەی سەر سوریا پەیامێکە بۆ هەمووان بە کۆریای باکووریشەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕیکس تیلەرسن وتی هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا لەدژی سوریا لەسەر ئەوەی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە پەیامێکە بۆ وڵاتانی تریش بە کۆریای باکووریشەوە کە ئەگەر مەترسی دروست بکات وەڵامی دەدەینەوە.

لەکاتێکدا کەشتیگەلێکی سەربازی ئەمەریکی بەرەو دورگەیەکی کۆریا بەڕێکەوتن تیلەرسن وتی لە میانەی کۆبوونەوەکەی هەفتەی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جینگ پینگدا چین ڕازی بووە لەسەر ئەوەی کە پێویستە شتێک بکرێت سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور .

تیلەرسن لە چاوپەێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی This Week ی کەناڵی ABCدا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر سوریا پرسیاری لێکرا کە ئایا پەیامێکیش بووە بۆ کۆریای باکوور تیلەرسن لە وەڵامدا وتی " پەیامێکە بۆ هەموو وڵاتێکی تر کە بیەوێت پیشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکات وە ئەگەر پابەند نەبیت بە یاساکانەوە ئەوا دەبیتە هەڕەشەیەک بۆ ئەوانیتر، ئیتر لە قۆناغێکدا بەدڵنیاییەوە کاردانەوە دەبێت."

وتیشی " سەبارەت بە کۆریای باکووریش ئێمە زۆر ڕوونین سەبارەت بەوەی کە دەمانەوێت دورگە کۆرییەکە بەتاڵ بکەینەوە لە چەکی ئەتۆمی."

هەروەها لە بەرنامەیەکی تردا وتی " سەرۆک شی بەڕوونی تێدەگات و پێم وایە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەدا کە ئەگەر ڕەوشەکە زیاتر خراپ ببێت ئەوا دەبێت کارێک بکرێت لەبارەیەوە."

XS
SM
MD
LG