Accessibility links

دوو ئەندامی گەورەی کۆماری بەنیازن یاسای جاستای هەمواربکەنەوە

  • VOA News

دوو ئەندامی گەورەی کۆماری لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بەنیازن هەوڵ بدەن بۆ هەموارکردنی یاسای جاستا، ئەوەی ڕێگە بە ئەمەریکایـیەکان دەدات سکاڵا لە دژی عەرەبستانی سعودیـیە تۆماربکەن لەسەر هێرشەکانی 11 ی سـێپتەمبەری ساڵی 2001 .

هەردوو سیناتۆر لینزی گراهام و جۆن مەککەین کە لە ڕێبەرانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماریـیەکان دەکەن لە کۆنگرێس، دەڵێن پـرۆژەیەک پـێشکەش دەکەن بۆ هەموارکردنی ئەو یاسایە تاوەکو بە شێوەیەک بێت تەنها بتوانرێت سکاڵا لەسەر حکومەتێـک تۆماربکرێت کە بە مەبەست مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی دەکات.

سیناتۆر گراهام گوتی بە هاوپەیمانانی ئەمەریکا دەڵێـین کەس ناتوانێت لە ناو وڵاتەکەماندا سکاڵاتان لەسەر تۆماربکات لەسەر کارێـکی تێرۆرستی تەنها مەگەر تیایدا بەشداربن.

جێی ئاماژەیە مانگی نۆی ڕابردوو هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات بە زۆرینەی دەنگ ڤیتۆکەی سەرۆک ئۆبامایان ڕەتکردەوە کە لە دژی پـرۆژە یاساکە دابووی، بەوەش پـرۆژەکە بەپـێی دەستور بوو بە یاسا.

بەڵام هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانی خۆیان دەربڕی و مەترسی خۆیان نیشان دا لەوەی شیانی هەبێت یاساکە کاردانەوەی خراپی بەسەر ئەمەریکایـیەکان لە دەرەوە لێبکەوێتەوە کە ئەمەش بۆخۆی یەکێـک بوو لە هۆکارەکانی وەهای لە سەرۆک ئۆباما کرد ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەری ڕابگەیەنێت.

بەپـێی یاساکە، کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سـێپـتەمبەر دەتوانن لە دادگاکانی ئەمەریکا سکاڵا لەسەر حکومەتی وڵاتان تۆماربکەن، لەوانە عەرەبستانی سعودیـیە کە لە کۆی 19 تێرۆرستەکەی هێرشەکەیان ئەنجام دا 15 کەسیان سعودی بوون.

وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە توندی ڕەخنەیان لە یاساکە گرت، بە تایبەتی سعودیـیە کە ڕایگەیاند ئاکامی خراپـی دەبێت و هەندێـک لە شارەزایان ئاگاهیان دا لەوەی ڕەنگە یاساکە وەها لە سعودیـیە بکات هاوکاری ئاسایشی لەگەڵ ئەمەریکا کەم بکاتەوە، بە تایبەتی لە بواری شەڕی دژە تێرۆردا.

XS
SM
MD
LG