Accessibility links

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە شەڕی ئێستای دژی داعش دەکات

  • VOA News

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ چوارشەممە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش سازیکرد، یەکەم کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیەکە بوو لەوەتای ساڵی 2014 وە و تیایدا زۆر بابەتی پەیوەست بە شەڕەکە تاووتوێکران.

مارک تونەر لە چاوپـێکەوتنێـکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی کۆبوونەوەکە هەلێک بوو بۆ ئەوەی بزانرێت پێشتر هاوپەیمانێتیەکە لە شەڕەکەیدا لە کوێدا بوو و ئێستا گەیشتووەتە کوێ.

گوتی بەروپـێشچوونێـکی بەرچاو بەدی دەکرێت. 60% ی ئەو ناوچانەی داعش لە عێراق داگیریکردبوون ئێستا ڕزگارکراون و هەروەها 30% ی ئەو ناوچانەی سوریاش.

بەڵام گوتی شەڕەکە بە تەنها لە عێراق و سوریا بە کۆتایی ناگات، بەڵکو دەبێت داعش لەو وڵاتانەی دیکەش لەناوببرێن کە لە ئێستادا جێ پێی خۆیان تیایاندا کردووەتەوە، لەوانە لیبیا و ئەفغانستان.

گوتیشی دەبێت لەسەر ئنتەرنێتیش داعش لەناوببرێت کە هەوڵ دەدات خەڵک لەو ڕێگەیەوە بکات بە داعش و پارە و کۆمەک کۆبکاتەوە و بیروباوەڕی خۆی بڵاوبکاتەوە. گوتی کاری باش کراون بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی داعش لەسەر ئنتەرنێت، لەوانە سەنتەرێک لە لەندەن هەیە و زۆرێک لە ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بە تایبەتی ئەوانەی کەنداو ڕۆڵی تیادا دەبینن. تویتەریش کارێکی زۆر گەورەی کردووە و نزیکەی 600 هەزار حسابی تویتەری سەر بە داعشی داخستووە.

مارک تونەر لە بەشێـکی چاوپـێکەوتنەکە گوتی ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بەڵێنیان داوە خێرابکەن لە شەڕەکەدا و هاوکات پارە تەرخان بکرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاودانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگاردەکرێن.

پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی وەک جەنەڕاڵ جۆن نیکڵسن فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەڵێت زۆربەی چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان لە پاکستانی دراوسێوە هاتوون، بەڵام پاکستان لە نێو ئەم هاوپەیمانێتیەدا نیـیە؟ مارک تونەر لە وەڵامدا گوتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا ئەفغانیـیەکەی لەم بارەیەوە وتووێژی کردووە، وە دەبێت هاوکاریـیەکی زۆر باش لە نێوان ئەفغانستان و پاکستاندا هەبێت تاوەکو ڕێگە نەدرێت داعش شوێنی ئارام بۆخۆی دابمەزرێنێت.

XS
SM
MD
LG