Accessibility links

دادگایەکی ئەمەریکا 2 کەسی بە تاوانکار دانا بە تۆمەتی هەڵی یارمەتیدانی داعش

  • VOA News

موهەنەد بەدەوی لە کاتی لێـکۆڵینەوەدا

موهەنەد بەدەوی لە کاتی لێـکۆڵینەوەدا

دادگایەکی ئەمەریکا 2 کەسی بە تاوانکار دانا لەسەر چەندان تۆمەت، لەوانە هەوڵی یارمەتیدانی داعش و پەیوەندیکردن پـێوەی، بەمەش ڕەنگە سزای دەیان ساڵ زیندانی بدرێن.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند نادر ئەلغەزیل و موهەنەد بەدەوی کە هەردووکیان تەمەنیان 25 سـاڵە و لە ناوچەی ئاناهایمی نزیک شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەژین، هەوڵیان دابوو کۆمەکی دارایی داعش بکەن.

نادر ئەلغەزیل بە 26 تاوان تۆمەتبارکراوە، لەوانە فرتوفێڵ لە بانک. دەڵێن بە چەکی بانکی دزراو پارەی خستووەتە سەر حسابی بانکەکەی تاوەکو پارە بۆ گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل و لەوێشەوە بۆ تورکیا دابین بکات. موهەندە بەدەویش تاوانبارکراوە بە کڕینی بلیتی فڕۆکە بۆ نادر لەو پارەیەی لە حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکای وەرگرتبوو وەکو یارمەتی.

هەردووکیان لە 21 ی مانگی پـێنجی ساڵی 2015 دەسـتگیرکران، کاتێـک نادر هەوڵی دابوو لە فڕۆکەخانەی لۆس ئەنجلسەوە بەرەو شاری تەل ئەڤیڤی ئیسرائیل بڕوات. بەپـێی داواکاری گشتی نادر دانی ناوە بەوەی بە نیازبووە لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئستەنبوڵ بڕوات تاوەکو لەوێوە پەیوەندی بە داعشەوە بکات.

بەپـێی یاساکان ڕەنگە نادر هەتا 30 سـاڵ و موهەنەدیش هەتا 5 سـاڵ زیندانی بکرێن بە تاوانی فرتوفێڵ لە بانکەکان و هەروەها هەریەکەشیان 15 سـاڵی دیکە زیندانی بکرێن بە تاوانی هەوڵی یارمەتیدانی دارایی داعش.

چاوەڕوان‌دەکرێت دادگا لە مانگی نۆ بڕیاری خۆی لەسەریان بدات.

XS
SM
MD
LG