Accessibility links

بەرپـرسی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا: شەڕی دژی داعش پـێویستی بە هێزی زەمینی هەیە

  • VOA News

بەرپـرسی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا دەڵێت هێرشە ئاسمانیـیەکان لە دژی داعش ئەنجامی باشیان هەبووە، بەڵام ئەوە بۆ لەناوبردنی ئەم گروپە تێرۆرستیـیە بەس نیـیە بەبێ بوونی هێزی زەمینی خەڵکی ناوچەکە.

خانم دێبۆرا لی جێمس ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی پـێشەنگای دوبەی بۆ فڕۆکەوانی ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی هەرچەندە بۆردومانەکان داعشی لاوازکردووە، بەڵام ئەوە بەس نیـیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان و گەمارۆدانی ئەندامانی داعش و ڕێگەگرتن لێـیان لەوەی بۆ ناوچەی دیکە بکشێنەوە.

گوتیشی شەڕێـکی لەم جۆرە پـێویستی بە هێزی زەمینی هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان پـێی هەڵدەستن، ئیدی ئەو هێزانە لەشکری عێراق بن یان هێزی کوردی بن یانش هێزی ئازادی سوریا.

پاشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێرشە ئاسمانیـیەکان یارمەتیدەربوون لە کشانەوەی داعش لە چەندان ناوچەی پـێشـتر داگیری کردبوون، ئەمەش بەهۆی لێدانی ناوەندەکانی فەرماندەیـی‌یان و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانیان لەگەڵ عەمبارەکانیان. گوتیشی بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزاران چەکداری داعش کوژراون، لەوانە ژمارەیەکیان کەسانی ناوداری ئەو گروپە تێرۆرستیـیە بوون.

ئەم تێبینیانەی خانم دێبۆرا لی جێمس پاش چەند ڕۆژێـک هات لەوەی ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا باسی لەوە کرد شیانی هەیە هێزی تایبەتی زیاتر ڕەوانەی سوریا بکەن ئەگەربێت و هێزی دۆستی زیاتری خەڵکی ناوچەکە هەبن شەڕی داعش بکەن.

جێی ئاماژەیە لەوەتای مانگی هەشتی سـاڵی 2014 وە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە عێراق ئەنجام دەدات و لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا هێرشەکانیان بۆ سەر داعش فراوانترکرد تاوەکو ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە سوریاش بگرێتەوە.

هەروەها نزیکەی 3500 سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقدا هەن بۆ کاری ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقی و کوردیـیەکان.

لە 30 مانگی دەش سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا نزیکەی 50 ئەندامی هێزی تایبەتی ئەمەریکا ڕەوانەی سوریا بکرێن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە میانڕەوەکانی لەوێ شەڕی داعش دەکەن، لەوانە هێزەکانی یەپەگە.

XS
SM
MD
LG