Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەک بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش سازدەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم مانگە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لە واشنتن سازدەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوی داهاتووی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕێکس تیلەرسن لە 22 و 23 ی مانگی سێ کۆبوونەوەیەک بۆ وەزیرانی دەرەوەی 68 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش سازدەکات، ئەمەش بە مەبەستی خێراکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ شکستهێنان بە داعش لەو ناوچانەی هێشتا لە عێراق و سوریا لە ژێر دەستیدا ماون و هەروەها بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی فشار بۆ سەر تۆڕ و لقەکانی داعش لە جیهاندا.

وەزارەتەکە وتیشی ئەمە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی تەواوی ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لەوەتای ئەو کۆبوونەوەیەی لە مانگی دوازدەی ساڵی 2014 سازیانکرد، پاش ماوەیەکی کورت لە پـێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکە.

مارک تونەر کاربەڕێکەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ڕۆژنامەوانانی وت" کۆبوونەوەکە هەلێک دەبێت بۆ وەزیر تیلەرسن بۆ خستنە ڕووی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی هاوپەیمانێتیەکە دەبنەوە."

وتیشی " هەموومان ئەوە بەدیدەکەین شکستهێنان بە داعش لەسەر زەوی و مەیدانی شەڕ بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئینجا چۆن دەتوانرێت سوود لەو سەرکەوتنانە وەربگیرێن؟ و چۆن دەکرێت کار لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکرێن؟"

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG