Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: جیهان لە بەرامبەر داعش یەکگرتووە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت خۆی و ڕێبەرانی دیکەی جیهان یەکگرتوون لە بەرامبەر هەڕەشەکانی داعش، ئەوەی بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشە تێرۆرستییەکانی پاریس ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە پاش تەواوبوونی کۆنگرەی گروپی ناسراو بە G20 لە شـاری ئانتالیای تورکیا سەرۆک ئۆباما بۆ ڕۆژنامەوان ڕاگەیاند وڵاتانی ئەندامی گروپەکە پەیامێـکی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر هەیە و بەڵێنیان داوە زیاتر سنوورەکانیان چاودێری بکەن و ئاڵوگۆڕی زانیاری زیاتر بکەن و هەوڵەکانیان لە دژی داعش چڕتربکەنەوە.

پاشان گوتی ئەو هاوپەیمانێتیـیەی ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات هەتا ئێسـتا زیاتر لە 8 هەزار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر داعش لە عێراق و سوریا و ژمارەیەکی زۆری لێ‌کوشتوون. گوتیشی دەبێت ستراتیژیـیەتی دژی داعش بەردەوامبێت، بەڵام ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئەم مەبەستە بە کارێـکی ڕاست نابینێت.

جەختی لەسەر زیادکردنی هەوڵەکان کرد بۆ پاراستنی وڵاتان لە هەڕەشەکانی داعش. گوتی فەڕەنسا تاکە قوربانی ئەو جۆرە هێرشانە نیـیە و داعش پـێش ئەوە هەفتەی ڕابردوو تەقینەوەی لە بەیرووت ئەنجامدابوو و مانگی ڕابردوو لە ئەنکەرە و ڕۆژانەش تەقینەوەی هاوشێوە لە عێراق ئەنجام دەدات.

بەڵێنیی دا بەڕێوەبەرایتـیەکەی هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ پاراستنی خەڵکی وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی داعش.

سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا سەرۆک ئۆباما گوتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە سەرەڕای مەترسیـیەکانی ئاسایشی. گوتی دەکرێت پەنابەران وەربگرن و لە هەمان کاتدا ئاسایشی وڵات بپارێزن.

جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە پـێویستە بەشار ئەسەد لە نێو چوارچێوەی چارەسەری سیاسی بۆ سوریادا نەبێت. گوتی ئەسەد گرێ ئاڵۆزە سەرەکیـیەکەی نێو مەسەلەی سوریایە.

XS
SM
MD
LG