Accessibility links

ئەمەریکا تاووتوێی پرسی ناردنی نزیکەی 1000 سەربازی یەدەک بۆ شەڕی داعش دەکات


کاربەدەستانی ئەمەریکا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان وتووە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ تاووتوێی پرسی ناردنی نزیکەی 1000 سەربازی ئەمەریکایی دەکات بۆ کوەیت تاوەکو وەک هێزێکی یەدەک لەوێ بن بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریا.

لایەنگرانی ئەم پـێشنیارە وتویانە ناردنی ئەم هێزە یارمەتی فەرماندە سەربازیـیەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەدات خێراتر کاردانەوەیان هەبێت بۆ هەر شتێکی چاوەڕوان نەکراو لە بەرەکانی شەڕدا.

هەروەها کاربەدەستەکان وتویانە ئەم هێزە یەدەکە جیاواز دەبێت لەو هێزانەی ئەمەریکا لە کوەیت دایناون.

هێشتا ڕوون نییە ئایە جەیمس ماتس وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتیوانی لە پێشنیارەکە دەکات یان نا.

کاپتن جێف دەیڤس وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئامادە نەبووە هیچ لە بارەی ئەو بژارانەوە لێدوان بدات کە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە تاووتوێیانی کردبوو.

کاربەدەستان وتویانە پـێشنیاری دانانی هێزێک لە کوەیت کە بتوانێت بە خێرایی ڕەوانەی عێراق یان سوریا بکرێت، بەشێکە لەو هەوڵەی دەدرێت بۆ گۆڕانکاری بەسەر ستراتیژیەتی ئەمەریکا بۆ شکستهێنان بە داعش لە عێراق و سوریا. لە ئێستادا نزیکەی 6 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لەو دوو وڵاتە هەن و تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی ڕاوێژکار دەبینن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG