Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: لەو بڕوایەدایەن بەرپـرسی دارایی داعش کوژرابێت


وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لەو بڕوایەدان بەرپـرسی دارایی داعش لە هێرشێـکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا کوژرابێت.

ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی دەستەی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا لە وەزارەتی بەرگری (پەنتاگۆن) گوتی بە بەرنامە ڕێبەرانی داعش دەکەنە ئامانج و تەنیا هەر لەم هەفتەیەدا لەشکری ئەمەریکا چەند ڕێبەرێـکی گەورەی داعشی کوشتووە، لەوانە حەجی ئیمان کە وەکو وەزیری دارایی داعش کاری کردبوو و هەروەها بەرپـرس بووە لە کار و پـیلانگێڕیـیەکانی داعش لە دەرەوە.

پاشان وەزیری بەرگری باسی لە مێژووی کاری تێرۆرستی حەجی ئیمان کرد کە ناوە ڕاستەقینەکەی (عبد الرحمن مصطفى القادولي) و بە (أبو علاء العفري) یش دەناسرا. گوتی ئەمە جاران پـێشتر لە گروپی قاعیدە لە عێراق بووە و لە ژێر دەستی ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی کاری تێرۆرستی کردووە.

هەرچەندە ئاشتۆن کارتەر باسی لەوە نەکرد چۆن ئەم گەورە تێرۆرستەی داعش کوژراوە، بەڵام کاربەدەسـتان لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە کەناڵی NBC ئەمەریکایان گوتووە ڕۆژی پـێنجشەممە بە دەستی هێزێـکی تایبەتی ئەمەریکا کوژراوە.

دەڵێن هێزەکە بەیانی پـێنجشەممە بە هەلیکۆپتەر لە ناو خاکی سوریا دابەزیون و بۆسەیەکیان بۆ ئۆتۆمبیلەکەی ناوبراو دانابوو تاوەکو بە زیندوویی دەسـتگیری بکەن، بەڵام پـلانەکە سەری نەگرتووە، بۆیە قادولی و 3 داعشی دیکە کە لە ئۆتۆمبیلەکە لەگەڵیدا بوون کوشتوویانن.

پـێشتر ئەمەریکا بڕیاری دابوو 7 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات بدات بە هەر کەسێـک زانیاری بدات کە ببێتە مایەی دەسـتگیرکردنی قادولی.

بەپـێی زانیاریـیەکان عەبدول ڕەحمان قادولی لە دایکبووی سـاڵی 1957 ی موسڵە و بە ڕەچەڵەک تورکمانە و مامۆستای فیزیا بووە.

XS
SM
MD
LG