Accessibility links

جەنەڕاڵ ڤۆتێل: ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر ئەمەریکا هەیە


فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا دەڵێت ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ کاردانەوەی بەسەر ئاسایشی ئەمەریکا هەیە، وە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە.

جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل ئەمڕۆ چوارشەممە لە دانیشتنێکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێس لە بارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبینی و تێڕوانینەکانی خۆی خستە ڕوو و وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆمیتەکەی دایەوە.

جەنەڕاڵ ڤۆتێل گوتی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکەن لەو ڕاپـۆرتانەی باس لە زیانی خەڵکی سیڤیلی شاری موسڵ دەکەن بەهۆی هێرشە ئاسمانیـیەکانی هاوپەیمانانەوە.

ڤۆتێل بە کۆمیتەکەی گوت" پـیاداچوونەوە بەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە دەکەین و ڕەنگە هەڵەی ئێمەشی تێدابێت" جەختی لەوەش کرد هاوپەیمانان چی لە توانایاندایە دەیکەن هەتا زیان بەر خەڵکی سیڤیل نەکەوێت. پاشان داعشی تاوانبارکرد بە بەکارهێنانی خەڵکی سیڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی.

گوتیشی لە ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ 490 کەس لە ئەندامانی هێزەکانی عێراق گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 3 هەزار کەس برینداربوون و لە ڕۆژئاوای شارەکەش هەتا ئێستا 284 کەس لە هێزەکانی عێراق کوژراون و زیاتر 1600 کەس لەو هێزانە برینداربوون.

باسی لەوەش کرد سەنگی دەخەنە سەر هاوکاریکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکان، بە تایبەتی لەگەڵ هێزە سووننەکان لە عێراق، بەڵام گوتی هێشتا زۆر ماوە بۆ ئەم مەبەستە بکرێن و هاوسەنگی لە ناوچەکە دروستبکرێت و خەڵکی سووننە زیاتر بەشداربن. ئاماژەی بۆ شەڕی موسڵ کرد کە بەرەوپـێشچوونێـکی باشی تیایدا هاتووەتە دی لە ئاستی هاوکاریکردنی نێوان حکومەتی بەغدا و کوردەکاندا.

لەبارەی ئایندەی عێراق، جەنەڕاڵ ڤۆتێل گوتی دەبێت لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە بەشداری بە هەموو پـێکهاتەکان بکرێت. هەروەها گوتی" ئێمە پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتوو دەکەین و دەبێت هەموو پـێکهاتەکان لە نێو حکومەت و لەشکردا بن و سوود وەربگرن لە هەموو بوارەکانی ئابوری وڵاتەکە." گوتیشی لەگەڵ حەیدرە عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کاردەکەن بۆ دامەزراندنی پاسەوانانی نیشتمانی و هێزەکانی نیمچە لەشکری بە تایبەتی شیعەکان لە نێو لەشکری عێراقدا.

لە بارەی ئێران گوتی ئەم وڵاتە دەیەوێت خۆی بەسەر ناوچەکە بسەپـێنێت.

سەبارەت بە سوریاش، گوتی بۆ شەڕی ڕەققە کار لەگەڵ سەرکردایەتی ئەوروپا دەکەن و هاوکاریش لەگەڵ تورکیا دەکەن، بەڵام جەختی لەوە کرد هێزی کاریگەر لە شەڕەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

باسی لە ڕەوشی یەمەن کرد و گوتی ئامانجی ئەمەریکا لەوێ ئەوەیە ڕێگە نەدرێت ئەو وڵاتە بکرێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر ئەمەریکا، بۆیە لەوێ سەنگی دەخرێتە سەر شەڕی دژی قاعیدە. گوتیشی ئەمەریکا بەرژەوەندیـیەکی دیکەی لەو وڵاتە هەیە، ئەویش ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە ئاوەکانی نزیک یەمەن مسۆگەربکرێت.

XS
SM
MD
LG