Accessibility links

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات

  • VOA News

جێـگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێـک لە عێراقە و لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووتەوە بە مەبەسـتی وتووێژکردن لە بارەی مەسەلەکانی ئاسایش و ئابوری و مرۆیی.

ئەنتونی بلینکن ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.

ئۆفیسی عەبادی دەڵێت سەرۆک وەزیر پـێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندی یاوەری کردووە کە پـێـکهاتبوون لە برێت مەکگورک نێردراوی سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی داعش و جۆزێف بێننگتن بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق و جەنەڕاڵ ستیفن تاونسێند فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی.

لە کۆبوونەوەکە باس لە شەڕی داعش کراوە لەگەڵ چۆنیەتی زیادکردنی پشـتیوانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لەم شەڕەدا و هەروەها گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگاردەکرێن و ئامادەکاریـیەکان بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ.

پاشان ئەنتونی بلینکن لەگەڵ کاربەدەسـتانی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەتەوە بۆ تاووتوێکردنی هەوڵەکان بۆ پشـتیوانیکردنی هێزە عێراقیـیەکان لە شەڕەکەدا.

بڕیارە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پـێنجشەممە بگاتە هەرێمی کوردسـتانی عێراق و لەوێ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم و کاربەدەسـتانی دیکە کۆببێتەوە بە مەبەستی وتووێژکردن لە بارەی شەڕی داعش و پـشتگیریکردنی هێزەکانی پـێشـمەرگە و پـێشـکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بە پەلە بۆ ئاوارەکان.

XS
SM
MD
LG