Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: ئەگەر کۆنگرێس ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئێراندا ڕەتبکاتەوە شەڕ دەبێت

  • VOA News

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەو ڕێکەوتنەی کۆمەڵی نێودەوەڵەتی لەگەڵ ئێراندا پـێی گەیشـتووە لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکە نابێتە مایەی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەگەڵ ئێراندا و هەروەها مسۆگەری ناکات پەیوەندیـیەکان لەگەڵ تاران گەرموگوڕ بـبنەوە، بەڵام ئامانجە ئاسایشیـیەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بەدی دەهێنێت.

براک ئۆباما ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێـکیدا لە زانکۆی ئەمەریکایی لە واشنتن ئەمەی ڕاگەیاند و هۆشـداری بە کۆنگرێس دا کە ئەگەربێت و ڕێکەوتنەکە ڕەتبکەنەوە، ئەوا شەڕێـکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەگیرسێت.

گوتی " ڕتکردنەوەی ڕێکەوتنەکە لە لایەن کۆنگرێسەوە وەها دەکات هەر بەڕێوەبەرایەتیـیەکی ئەمەریکا کە سووربێت لەسەر ئەوەی ڕێگە لە ئێران بگرێت چەکی ناوکی بەدەسـتبهێنێت، تەنها یەک ڕێگەی لە بەردەمدا دەبێت، ئەویش شەڕێـکی دیکەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. من ئەوە وەکو هاندانێـک ناڵێم، بەڵام ئەوە ڕاستیـیەکەیە."

پاشان ڕەخنەی لە کۆماریـیەکان گرت و گوتی "یاسادانەرە کۆماریـیەکانی کۆنگرێس وەکو شارەزای ناوکی بڕیاریان لەسەر ڕێکەوتنەکە داوە و قسەی شارەزایانی ڕاستەقینەی وەکو وەزیری وزەیان پشـتگوێ خستووە."

گوتیشی هەیە دەڵێت پشـکنەران ناتوانن بگەنە هەندێـک لە شوێنەکان و کاری چاودێری لاوازدەبێت، بەڵام ئەو تێڕوانینانە هەڵەن و پـشـکنەران دەتوانن چاودێری هەموو دەزگاکان بکەن بەبێ جیاوازی و 24 کاژێر دەتوانن بچنە ناو دەزگاکانەوە.

لە وەڵامی قسەی هەندێـک لەو کۆماریـیانەی ڕەخنە لە ڕێکەوتنەکە دەگرن کە دەڵێن ئەو بەربەستانەی لە بەردەم ئێراندا دانراون لە پاش 15 سـاڵی دیکە کۆتایی‌یان پـێدێت و ئێران جارێکی دیکە دەسـتدەکاتەوە بە چالاکیـیە ناوکیـیەکانی، سەرۆک ئۆباما گوتی " من پـێیان دەڵێم ئەگەربێت و ئەم ڕێکەوتنە نەبێت، ئەوا سـاڵی داهاتوو ئێران دەبێتە خاوەنی ناوکی، بۆیە ڕێکەوتنەکە بۆمان باشترە."

پاشان ڕوونی کردەوە کە ڕێگەگرتن لەوەی ئێران بـبێتە خاوەن چەکی ناوکی و توێژینەوەی ناوکی بۆ کاروباری لەشکری ئەنجام بدات بۆ هەتاهەتایە نەک تەنها بۆ ماوەی 15 سـاڵ، وە ئەوەی لە پاش ئەو ماوەیە بۆی هەیە ئێران هەیبێت بەرنامەیەکی ناوکی ئاشـتیخوازانەیە."

سەبارەت بەوەی هەندێـک لە کۆماریـیەکان ڕەخنە دەگرن و دەڵێن ئێران بە لابردنی سزاکان 56 ملیار دۆلاری لەو پارانە دەسـتدەکەوێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات دەسـتیان بەسەرداگیراوە و پاشان دەچێت لە چالاکی تێرۆرستیدا خەرجیان دەکات. سەرۆک ئۆباما گوتی ئەوەش وەها نابێت، چونکە حکومەتی ئێران 500 ملیار دۆلار قەرزارە. گوتیشی لەو بڕوایەدایە حکومەتی ئێران لە پلەی یەکەمدا هەوڵی باشکردنی باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتەکەی دەبێت.

لە بارەی نیگەرانیـیەکانی ئیسرائیلەوە لەسەر ڕێکەوتنەکە، سەرۆک ئۆباما گوتی ئیسرائیل مافی خۆیەتی لە بەرامبەر ئێران نیگەران بێت، بەڵام ئەمەریکا پابەندە بەوەی ئیسرائیل بەهێزترین هێزی لەشکری بێت لە ناوچەکەدا. گوتیشی ئێرانێـکی خاوەن ناوکی زیاتر جێی مەترسـیـیە بۆ سەر ئیسرائیل لەوەی ئێران سوودمەندبێت لە لابردنی سـزاکان لەسەری.

XS
SM
MD
LG