Accessibility links

زیاتر لە ٢٢ ملیۆن ئەمەریکایی پێشوەخت دەنگیان داوە


لە هێندێک لە ئەیالەتەکان ژمارەی بەشداران بۆ دەنگدانی پێشوەخت کەمتر لە هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی ٢٠١٢ دایە

حەوت رۆژ بۆ دەنگدانی فەرمی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ماوە. بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەتا ڕۆژی دووشەمە، زیاتر لە ٢٢ ملیۆن ئەمەریکایی دەنگی خۆیان خستۆتە ناو سندووقەکانی دەنگدان.

لە هێندێک لە ئەیالەتەکان ژمارەی بەشداران بۆ دەنگدانی پێشوەخت کەمتر لە هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی ٢٠١٢ دایە و لە گەلێک ئەیالەتەکانی وەک تێگزاس، جۆرجیا، ئاریزۆنا، ویسکانسن، ویرجینیا ژمارەی دەنگی پێشوەخت پتر لە خۆلی پیشوویە.

نیویۆرک تایمز دەڵیت ئامار نیشان دەدات کە نزیکەی لە تەواوی ئەیالەتەکان دەنگ دانی پێش وەخت لە نێو دەنگدەرانی خەڵکی ئەمەریکای لاتین زیاتر و لە نێو گەنجانی ١٨ بۆ ٢٩ ساڵە کەمتر بووە و ژمارەی دەنگدەرانی بە ڕەگەز ئەفریکایی لە نێو زۆرێک لە ئەیالەتەکان دا کەم بۆتەوە.

ئامار هەروا نیشان دەدات کە ژمارەی دەنگدەران لە ڕەوەندی دەنگدانی پێش وەخت لە کاڕۆلینای باکوور پەرەی سەندووە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئەو ئەیالەتەی باشور دەڵێت پشتیوانانی دوو پارتی دێمۆکڕات و کۆماریخواز لە ئەو ئەیالەتەدا باشتر لە دەنگدان دا بەشداری دەکەن. ئەو ئەیالەتە لە ئاکامی هەڵبژاردن دا کارێگەرێکی چارەنووسازی هەیە.

ئەمەش لە دەمێکدایە کە نیویۆرک تایمز بە گوێرەی ئاماری دەنگەکانی پێش وەخت دەڵیت کە دۆخی هیلەری کڵینتن لە چەندین ئەیالەت دا باشتر لە هی دانۆڵد تڕامپە.

ئەو ڕۆژنامە دەڵێت ئەو پێشکەوتنەی کاندیدای دێمۆکڕات لە سایەی ڕێکخستنی چالاکی پارتەکە لە ئەیالەتەکان و هەروەها دابەزینی هەرا و هەنگامە سەبارەت بە نامەی جێمز کۆمی، بەرپرسی ئاژانسی ئێف بی ئای لە مەر دەستپکردنەوە بۆ تا و تۆ کردنی پەروەندەی ئی مەیڵەکانی خانمی کڵینتنە.

کارناسان پێش بینی دەکەن کە ٤٦ ملیۆن ئەمریکایی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دا بەشداری بکەن. ئەوان دەڵێن بە شێوەیەکی گشتی ١٢٥ ملیۆن ئەمەریکایی لە هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتی دا بەشداری دەکەن.

XS
SM
MD
LG