Accessibility links

ئەمەریکایـیەکان دەنگی خۆیان دەدەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا


ئەمەریکایـیەکان لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان ڕیزیان بەستووە بۆ هەڵبژاردنی 45 هەمین سەرۆکی وڵاتەکەیان لە پاش پـێشبڕکێـیەکی توندی هەڵبژاردن لە نێوان هەردوو کاندیدی سەرەکی هێلەری کلنتنی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپی کۆماری.

ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیانیـیەوە بنکەکانی دەنگدان کراونەتەوە بە کاتی جیاواز. یەکەم بنکەی دەنگدان لە کاژمێر 5 ی بەرەبەیان لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کراوەتەوە و هەتا 7 ی ئێوارە بە کاتی خۆجێی کراوە دەبێت. بەڵام زۆربەیان لە 6 و 7 ی بەیانی دەکرێنەوە هەتا 7 و 8 ی ئێوارە بە کاتی خۆجێی دادەخرێن.

نزیکەی 225 ملیۆن ئەمەریکایی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا مافی دەنگدانیان هەیە. لە دەنگدانی پـێش وەختدا زیاتر لە 40 ملیۆن ئەمەریکایی لە 37 ویلایەت و واشنتنی پایتەخت دەنگی خۆیان داوە. هەروەها ئەو ئەمەریکایـیانەی بەهۆی کارەوە یان هەرچ هۆکارێـکی دیکە لە ناوچەکانی خۆیاندا نین و خوازیاربوون دەنگ بدەن، ئەوانیش پـێشتر دەنگیان داوە.

وەکو هەموو ئەمەریکایـیەکی دیکە هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ مافی دەنگدانیان هەیە. هێلەری لە بنکەیەکی نزیک ماڵەکەی لە شاری چاپـکوای ویلایەتی نیویۆرک دەنگ دەدات، دۆناڵد ترەمپیش لە بنکەیەکی شاری مانهاتنی نیویۆرک.

هەرچەندە ڕا وەرگرتنە گشـتیـیەکان نیشانی دەدەن هێلەری کلنتنی تەمەن 69 سـاڵ شتێـک لە پـێش دۆناڵد ترەمپی تەمەن 70 سـاڵە، بەڵام لە ئێسـتادا پـێشبینیـیەکی تەواو ناکرێت کامیان لە کۆتایـیدا سەرکەوتن بەدەسـت‌دەهێنێت.

ئەنجامەکان هەرچۆنێـک بن، ئەوا ئەمەریکا شتێـکی بێ پـێشینە لە مێژووی خۆی تۆماردەکات. ئەگەربێت و خانم کلنتن براوە بێت، ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەروەها سەرۆکێـک کە پـێشتر هاوسەرەکەی سەرۆکی وڵاتەکە بووە. ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە یەکەم کارداری وڵاتەکە کە دوربووە لە جیهانی سیاسەت ببێتە سەرۆک.

جێی ئاماژەیە لە پاڵ هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ 4 کاندیدی دیکە بۆ سەرۆکایەتی هەن کە یەکێـکیان خانمە، ئەوانیش بریتین لە گاری جۆنسن لە پارتی لیبراڵ و خانم جێڵ شتاین لە پارتی سەوز و دارێڵ کاستڵ لە پارتی دەسـتوری و ئیڤان مەکمۆڵن کاندیدی سەربەخۆ. بەڵام هیچ لەم کاندیدانە بنکەیەکی جەماوەری وەهایان نیـیە کە بتوانن ببنە ڕکابەری کلنتن و ترەمپ.

XS
SM
MD
LG