Accessibility links

هێلەری کلنتن دوایـین هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکان دەباتەوە


هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایـین هەڵبژاردنی بەرایـی دیموکراتەکان کە لە واشنتنی پایتەخت بەڕێوەچوو سەرکەوتنی بەدەسـتهێنا.

دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکان لە واشنتن دی‌سی بەڕێوەچوو و خانم هێلەری کلنتن توانی 78.8%ی دەنگەکانی بباتەوە و بەوەش لە کۆی 20 شاندی پایتەخت 16 شاندی پـشتیوانیان لێکرد.

هاوکات سیناتۆر بێرنی ساندەرس ڕکابەری هێلەری کلنتن 21.1% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوو، کە تەنیا پشـتیوانی 4 شاندی بۆ مسۆگەرکرد.

هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنە هیچ لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی دیموکراتەکان ناگۆڕێت، بەو پـێـیەی لە هەفتەی ڕابردووەوە یەکلابووەوە کە خانم هێلەری کلنتن پشـتیوانی پـێویستی خۆی بەدەسـتهێناوە لەوەی بتوانێت ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا.

لە ئێسـتادا هێلەری کلنتن پشـتیوانی 2800 شاندی هەیە و سیناتۆر بێرنی ساندەرس 1881 شاند. جێی ئاماژەیە بەپـێی ڕێسای دیموکراتەکان بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی تەنیا 2383 شاند بەسە بۆ پەسەندکردنی کەسایەتیـیەکیان تاوەکو ببێتە کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

سەرەڕای ئەمەش، هێشتا هێلەری کلنتن بە فەرمی نابێتە کاندیدی دیموکراتەکان هەتا لە کۆنگرەی گشتی دیموکراتەکاندا بڕیاری لەسەر نەدرێت. کۆنگرەکە لە 25 بۆ 28 ی مانگی حەوت لە شاری فیلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا سازدەکرێت.

XS
SM
MD
LG