Accessibility links

سەرۆک ترامپ بۆ سیسی : ئەمەریکا و میسر پێکەوە هاوشانی یەکتر لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەکان شەڕدەکەن


سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەوڵیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی میسر عەبدول فەتاح سیسیدا چاک بکاتەوە دوای ئەوەی لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆبامادا پەیوەندییەکانی نێوان میسر و ئەمەریکا تێکچوون، وە پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ میسر ڕاگەیاند و بەڵێنیدا پێکەوە کار بکەن بۆ شەڕکردن دژی ئیسلامییە توندڕەوەکان.

سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی میسڕدا وتی " تەنها ئەوەندە دەمەوێت هەمووان بزانن، کە ئەگەر گومانێک هەبووبێت، ئێمە بەتەواوەتی پاڵپشتی لە سیسی دەکەین، کارێکی زۆر باشی ئەنجامداوە لە کاتێکی قورسدا، بە بەهێزییەوە پاڵپشتی لە میسر و گەلی میسر دەکەین."

شایەنی باسە ئەوە یەکەم سەردانی فەڕمی سیسی بوو بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا هەڵبژێردرا وەکو سەرۆکی میسر، باراک ئۆباماش سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هیچ کاتێک بانگهێشتی نەکردووە بۆ ئەمەریکا.

هەروەها ئەم کۆبوونەوە ڕاستەوخۆیەی سەرۆک ترامپ و سیسی دوای کۆبوونەوەی کاربەدەستە باڵاکانی دوو وڵاتەکە پشانی دەدات کە ئەمەریکا پەرۆشە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە جارێکی تر دروست بکاتەوە و بەهێزی بکات.

ترامپ وتی " دەمەوێت ئەمە بە سەرۆک بڵێم، تۆ هاوڕێیەک و هاوپەیمانێکی بەهێزت هەیە لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا، هەروەها منیش."

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG