Accessibility links

لە پاش 54 سـاڵ ئاڵای ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کوبا بەرزدەکرێتەوە


بە ئامادەبوونی جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەربازانی مارینزی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە پاش 54 سـاڵ بۆ یەکەم جار ئاڵای ئەمەریکایان لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە هاڤانای پایتەختی کوبا بەرزکردەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا 3 سەربازی مارینزی خانەنشینکراو ئامادەبوون کە کاتی خۆی لە سـاڵی 1961 بۆ دوایـین جار ئاڵای ئەمەریکایان لە باڵیۆزخانەکەیان داگرتبوو.

جان کێری کە یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پاش 70 سـاڵ سەردانی کوبای کردبێت، لە ڕێوڕەسمەکە وتارێـکی پـێشـکەشکرد و تیایدا گوتی " ڕێگای گۆشەگیرکردن و دابڕان کە ئەمەریکا و کوبا گرتبوویانەبەر، ڕێگایەکی ڕاست نەبووە، بۆیە ئێسـتا کاتی ئەوە هاتووە بە ئاڕاستەیەکی پـڕ هیوا هەنگاو بنێـین."

ڕێوڕەسمەکە پاش هەشت مانگ لە ڕێکەوتنی نێوان واشنتن و هاڤانا بەڕێوەچوو و هەروەها لە پاش نزیکەی چوار هەفتە لە دەسـتپـێکردنەوەی پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکان بە شێوەیەکی فەرمیـیانە.

کوبا لە 20 ی مانگی حەوت ئاڵاکەی لە باڵیۆزخانەکەی لە واشنتن بەرزکردەوە، بەڵام ئەمەریکا چاوەڕێی کرد هەتا جان کێری کاتی بۆ دەڕەخسێت بەرەو کوبا بڕوات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی سەرەڕای ئەم بۆنە مێژویـیە، واشنتن لە ڕەخنەگرتن لە حکومەتی کوبا ناوەستێت لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

هەروەها گوتی " هێشـتا لەو بڕوایەداین کە باشترین شت بۆ گەلی کوبا بکرێت ئەوەیە دیموکراتیـیەتێـکی ڕاستەقینەی هەبێت و بتوانێت ئازادانە ڕێبەرانی خۆی هەڵبژێرێت."

XS
SM
MD
LG