Accessibility links

ئەمەریکا کەشتیـیەکی جەنگی خۆی بۆ ناوچەیەکی دەریایی ڕەوانە دەکات کە چین پـێی قبوڵ نیـیە


هێزی دەریایی ئەمەریکا کەشتیـیەکی جەنگی خۆی کە هەڵگری موشەکی ئاڕاستەکراوە، ڕەوانەی نزیک دوو دورگەی دورسـتکراوی چین کردووە لە دەریای باشوری چین، ئەمەش بووەتە مایەی ناڕەزایی چین.

کەشتی USS Lassen ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە ئەو ناوچەیە کە لە لایەن چینەوە داگیرکراوە و هەر یەکە لە تایوان و ڤێتنام و فلپـین ئەوانیش بە ناوچەی خۆیانی ناودێردەکەن. شوێنەکە دوو دورگەی بچوکی لێـیە کە بە سوبی و مسچیڤ ناسراون، چین سنوورێـکی بە دوری 12 میلی دەریایی لە دەوریان دەستنیشـانکردووە کە نابێت کەس بیبەزێنێت.

کاربەدەسـتێـکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی کەشتیـیەکە لە نێو ئەو 12 میلە دەریایـیەدا بۆ چەند کاژمێرێـک هاتوچۆی کردووە، ئەمەش وەکو ڕەتکردنەوەی بۆ ئەو سنوورەی چین دەسـتنیشـانی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی چاودێری کەشتیـیەکە دەکەن کە بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی چین هاتووەتە نزیک ئەو دورگەیانەی چینەوە.

گوتیشی چین بە جیدی کاردانەوەی بەرامبەر هەر ئازراندنێـکی بە مەبەست دەبێت کە لە لایەن هەر وڵاتێـکەوە بکرێت. پاشان داوای لە ئەمەریکا کرد کەشتیـیەکەی لە ناوچەکە دوربخاتەوە و گوتی " دەبێت ئەمەریکا بە پەلە ئەو هەڵەیەی ڕاستبکاتەوە و هیچ هەنگاوی مەترسیدار نەنێت کە بـبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر سەروەری چین و بەرژەوەندیـیە ئاسایشیـیەکانی."

بەڵام کاربەدەستێـکی دیکە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گوتی لە چەند هەفتەی داهاتوو کاری لەو شێوەیە دووبارە دەکەنەوە و ئەمەی کردوویانە تەنها جارێـک نابێت و ئەمەش بۆ چین شتێـکی جێی سەرسوڕمان نیـیە.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشکی سپـی لەم بارەیەوە گوتی پـرسیارەکان لە بارەی هەر ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکریـیەوە وەڵامەکەی لای وەزارەتی بەرگریـیە، بەڵام ئەمەریکا لە وتووێژەکانی لەگەڵ چیندا جەختی کردووەتە سەر گرنگی هاتوچۆی بازرگانی بە شێوەیەکی سانایی لە دەریای باشوری چیندا.

جێی ئاماژەیە لەوەتای چین لە کۆتایی سـاڵی 2013 وە حەوت خاڵی لەو ناوچەیە دروسـتکردووە، ئەمە یەکەم جارە کەشتیـیەکی ئەمەریکا ئەو 12 میلە دەریایـیە ببەزێت کە چین لە دەوریان دەسـتنیشـانی کردووە.

XS
SM
MD
LG