جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی و چین ناتوانن لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی نێوانیان لە واشنتن هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
بەڕێز بایدن ڕۆژی سێشەممە لە میانەی دەسـتپێـکردنی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و چین لە واشنتنی پایتەخت ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتیشی دەبێت هەردوولایان بەڵێن بدەن کەوا کار بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەکەن.
کۆبوونەوەکان لە ڕۆژی دووشەممەوە دەسـتیپـێکردووە و بڕیارە هەتا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوامبن. هاککردنی تۆڕەکانی کۆمپـیوتەری ئەمەریکایی لە لایەن چینیـیەکانەوە و هەروەها دورسـتکردنی دورگەی دەسـتکرد لە لایەن چینەوە لە دەریای باشوری چیندا، دوو لەو کێشانەن کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن و لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە دیالۆگیان لەسەر دەکەن.
بەڕێز بایدن لە لێدوانێکیدا گوتی دەبێت ڕێگە دەریایـیەکان بۆ کاری بازرگانی کراوە و پارێزراوبن، چونکە 80 % ی بازرگانی جیهان لە ڕێگەی دەریاوە ئەنجامدەدرێت.