Accessibility links

کۆنگرێس و تێڕوانینی جیاواز لە بەرامبەر تورکیا

  • VOA News

ئەوەی تورکیا دەڵێت هەڵمەتێـکی دژە تێرۆری بە دوو ئاڕاستە دەسـتپـێکردووە کە یەکێـکیان دژی داعشە و ئەوی دیکەیان لە دژی پارتی کرێـکارانی کوردسـتانە، کاردانەوەی جیاوازی لە نێو یاسادانەرانی ئەمەریکایی دروستکردووە.

زیاتر توندبوونی تورکیا لە بەرامبەر داعش و ڕێگەدان بە ئەمەریکا لەوەی بنکەی ئینچەرلیک بەکاربهێنێت، جێی خۆشحاڵی یاسادانەرانی دیموکرات و کۆماریـیەکانیش بوو لە کۆنگرێس.

جانی ئایساکسۆن سیناتۆری کۆماری بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بنکەی ستراتیژی ئینچەرلیک لە شوێنێـکی زۆر باشدایە و لە زۆربەی ماوەی شەڕی کەنداو و شەڕ لە ئەفغانستاندا تورکەکان ڕێگەیان نەدەدا ئینچەرلیک بەکاربهێنین، ئینجا ڕاستیـیەکەی ئەوەی ئێسـتا لەبەر چاوی دەگرن، پـێموایە نیشانەیەکی باشە."

بێن کاردن گەورە دیموکرات لە کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات بە دەنگی ئەمەریکا گوت " بە ڕوونی تورکیا ڕۆڵی زیاتر لە ناوچەکە دەبینێت و دەبێتە زیاتر لە یاریکەرێـک و دەیەوێت زیاتر لەگەڵ ناتۆ تێـکەڵاو بـبێت." گوتیشی " سەرئەنجام هەواڵێـکی خۆشە بۆ هەڵمەتەکەمان لە دژی داعش."

پاشان گوتی " ئینچەرلیک یەکێـکە لە ڕێگە سەرەکیـیەکانمان بۆ ئەو هەرێمە. بۆیە هاوکاریمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت بژارەی زیاترمان دەبێت."

ڕۆژی سێشەممە تورکیا سەنگی خستە سەر هێرشە ئاسمانیـیەکانی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردسـتان و هاوکات ناتۆ هاوسۆزیـیەکی توندی خۆی بۆ تورکیا دەربڕی لەو شەڕەی دەسـتی داوەتێ لە دژی پەکەکە و داعش.

نیگەرانیـیەکان لە بەرامبەر تورکیا

براد شێرمان ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس گوتی " تورکیا لە هەردوو لایە، بە دەستێـک لە داعش دەدات و بە دەسـتێـکیش لەو هێزانە دەدات کە شەڕی داعش دەکەن. ئینجا ڕەنگە هەستیان کردبێت کە پـێویستە یارمەتیمان بدەن لە بۆردومانی داعش تاوەکو ڕەوایی بدەن بە بۆردومانکردنی دوژمنانی داعش."

دانا ڕۆڕەباکەر ئەندامی کۆماری کۆنگرێس ئەویش هەمان تێڕوانینی هەبوو.

گوتی " ئاماژەی جۆراوجۆرمان لە حکومەتی تورکیاوە پـێگەیشتووە. پـێـیان ڕاگەیاندووین دەتوانین بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک بەکاربهێنین. من لەوێ بووم، بۆیە ئەزانم ئەوە چەندە بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین هێزە تورکیـیەکان سەرقاڵی کاری دوژمنکارانەن لە دژی هێزە کوردیـیەکانی شەڕی توندڕەوە ئیسلامیـیەکان دەکەن. بۆیە دەمانەوێت بڕیار بدەن ئایا لەگەڵ ئێمەدا دەبن یان لەگەڵ موسڵمانە توندڕەوەکانی دەیانەوێت شارستانیـیەتی ڕۆژئاوایی لە ناوبەرن. من بە ڕاستی نیگەرانم لەو پەیامە شیزۆفرینیایەی لە حکومەتی تورکیاوە پـێمان گەیشتووە."

پاشان گوتی" ئەوەی پـێویستە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بیکەن، ئەوەیە ئاشتەوایـیەک بهێنە دی لە نێوان کوردەکانی خۆیان و تەواوی حکومەتەکەیاندا."

هەروەها سیناتۆر کاردن گرژی مێژوویی نێوان تورک و کوردی بە " شتێـکی ئاڵۆز" وەسفکرد، بەڵام هیوای خواست کارنامەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەنکەرە و هێزە کوردیـیەکان بێتە دی."

لە کۆتاییدا کاردن گوتی " کورد و تورکیا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە شەڕکردن لە دژی توندڕەوان و هێشتنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

XS
SM
MD
LG