Accessibility links

زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس پشـتیوانی لە هێرشە موشەکیـیەکەی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا دەکەن

  • VOA News

ئەندامانی کۆنگرێس بە کۆماری و دیموکراتەکانیانەوە زۆربەیان پـشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکەن بۆ لێدانی ئەو فڕۆکەخانەیەی ڕژێمی سوریا کە لێوەی هێرشە کیمیایـیەکە کرایە سەر شاری خان شەیخون.

پـوڵ ڕایەنی کۆماری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی گوتی ئەمە کاردانەوەیەکی گونجاو و ڕاست بوو، وە ئەم جۆرە گورزانە بۆ ڕژێمی ئەسەدی نیشان دەدات چیتر ئەمەریکا بێ دەنگ نابێت کاتێـک تاوانی دڕندانە بەرامبەر خەڵکی سوریا ئەنجام بدات.

چەک شومەر ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات ئەویش گوتی ئەگەر ڕژێمی بەشار ئەسەد باجی تاوانەکانی بدات، ئەوا شتێـکی باش دەبێت، بەڵام گوتیشی دەبێت بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ستراتیژیەتێـکی هەبێت و بەر لەوەی جێبەجێی بکات پـێویستە لەگەڵ کۆنگرێس تاووتوێی بکات.

سیناتۆر جۆن مەککەینی کۆماری کە چەندان ساڵە داوادەکات ئەمەریکا بە توندی کاردانەوەی بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی سوریا هەبێت، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر هێرشە موشەکیـیەکەی ئەمەریکا کردیە سەر فڕۆکەخانەی شعێراتی لەشکری سوریا، داواشیکرد سەرۆک ترامپ سیاسەتێـکی نوێ پەیڕەو بکات بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریا.

هەروەها سیناتۆر کۆماری مارکۆ ڕوبیۆ ئەویش پـشتیوانی لە هێرشە موشەکیـیەکە کرد و گوتی پـێویستە ئەمەریکا سیاسەتێـک پـیادەبکات کە وەها لە ڕووسیا بکات چیتر بە ئازادانە نەتوانێت پشـتیوانی ڕژێمی سوریا بکات.

بەڵام سیناتۆر دیموکرات کرێس کونز نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکە دەربڕی و گوتی کاردانەوەیەک بووە بەبێ ستراتیژیەتێـکی ڕاستەقینە.

سیناتۆر ڕاند پۆڵی کۆماری ئەویش گوتی "تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی سوریا شەرمەزاردەکەم، بەڵام هێرش نەکراوەتە سەر ئەمەریکا، بۆیە بەپـێی دەستور دەبێت سەرۆک ڕەزانەمەندی کۆنگرێس وەربگرێت بەر لەوەی هەر بڕیاری هێرشی لەشکری بدات.

XS
SM
MD
LG