Accessibility links

دەزگای FBI فەرمانی دەسـتگیرکردنی دەرکردووە بۆ گومانبارێـک بە تەقینەوەکەی نیویۆرک

  • VOA News

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI و پـۆلیسی نیویۆرک فەرمانی دەسـتگیرکردنیان دەرکردووە بۆ کەسێـکی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەکانیان نیشانیان داوە ناوبراوە گومانبارە بە تەقینەوەکەی شەوی شەممەی مانهاتنی شاری نیویۆرک.

تەقینەوەکە لە ناوچەی چێڵسی ناوچەی مانهاتن ڕوویدا و بووە مایەی برینداربوونی 29 کەس بە سووکی.

بەپـێی دەزگای FBI گومانبارەکە ناوی ئەحمەد خان ڕەحیمی‌یە و تەمەنی 28 سـاڵە و دانیشتووی شاری ئلێزابێثی ویلایەتی نیوجێرزیـیە. ناوبراو هێشتا دەسـتگیرنەکراوە و ئاگاهی دراوە کە ڕەنگە چەکیشی پـێبێت.

ئاندرۆ کۆمۆ فەرمانڕەوای نیویۆرک دەڵێت پـێدەچێت هێرشەکە کارێـکی تێرۆرستی بێت و پەیوەندی بە لایەنی دەرەکیـیەوە هەبێت.

جێی ئاماژەیە لە نزیک شوێنی تەقینەوەی بۆمبەکە، بۆمبێـکی دیکە دۆزرایەوە کە مەنجەڵی هەڵم (ئاشپەز) و مۆبایلێـکی تەلەفون لە دروستکردنی بەکارهاتبوو. هێزەکانی پـۆلیس توانیان پـوچەڵی بکەنەوە.

شەوی یەکشەممەش بۆمبێـک لە نێو جانتایەکی پشت لە شوێنێـکی خۆڵ و خاشاک لە نزیک وێزگەیەکی شەمەندەفەری شاری ئلێزابێثی نیوجێزی دۆزراوەتەوە و لەو کاتەی پـۆلیس هەوڵی پـوچەڵکردنەوەی بۆمبەکەیان بە ڕۆبۆتێـک دابوو یەک لە پـێنج ئامێری تەقینەوەی نیو جانتاکە تەقیوەتەوە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە تاقیگەیەکی خۆی لە نزیک واشنتنی پایتەخت هەوڵ دەدات بزانێت ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوی ئەم بۆمبانە یان نا.

XS
SM
MD
LG