Accessibility links

سەرۆک ئۆباما کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتان دوادەخات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت پـرۆسەی کشانەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانسـتان دوادەخات کە بڕیاربوو لە سـاڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت. بڕیارەکە پاش ئەوە هات تاڵیبان چەند کردەوەیەکی چەکدارای ئەنجام دا کە ئەمەریکا پـێشبینی نەدەکرد.

ڕۆژی پـێنجشەممە لە کۆشـکی سـپی سەرۆک ئۆباما گوتی 9800 سەربازی ئەمەریکایـی لە ئەفغانسـتان دەهێڵێتەوە بە درێژایی سـاڵی 2016 . پاشان بەر لەوەی لە مانگی یەکی سـاڵی 2017 خولی سەرۆکایەتیـیەکەی تەواوبێت ژمارەکەیان بۆ 5500 سەرباز کەم دەکاتەوە.

گوتی ئەرکی ئەمەریکا لە ئەفغانسـتان بە دوو شێوە بەردەوام دەبێت، ئەویش مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەفغانیـیەکان و سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تێرۆر. گوتیشی هێشـتا لەشکری ئەفغانی وەکو پـێویست بەهێز نەبووە، بۆیە تاڵیبان لە ناوچە دوردەسـتەکان بەهێزبووە و دەتوانێت هێرشی خوێناوی لە ناو شارەکاندا ئەنجام بدات.

پاشان گوتی ڕەوشی ئاسایش لە ناوچە سەرەکیـیەکانی ئەفغانسـتان هێشـتا جێگیر نیـیە و مەترسی هەیە تێکبچێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە سـاڵی ڕابردوو سەرۆک ئۆباما بەڵێنی دا هەتا کۆتایی سـاڵی 2016 زۆربەی زۆری سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتان بکێشێتەوە و تەنها هێزێـکی هەزار سەربازی بهێڵێتەوە لە نێو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابول.

XS
SM
MD
LG