Accessibility links

ڕێکخراوی یونیسێف: ژیانی 24 ملیۆن منداڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا لە بەردەم مەترسیدایە


ڕێکخراوی یونیسێف UNISEF دەڵێت توندوتیژی و شەڕ و ناکۆکی و کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان منداڵ.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکراوەتەوە، تیایدا نووسیویەتی توندوتیژی و شەڕ لە یەمەن و سوریا و عێراق و کەرتی غەززە و لیبیا و سودانی بوونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ژیانی 24 ملیۆن منداڵ، لەوانە 9.6 ملیۆن لە یەمەن و 5.8 ملیۆن لە سوریا و 5.1 ملیۆن لە عێراق.

دەڵێت ئەو زیانانەی بە ژێرخانی کەرتی تەندروستی دەکەون وەها دەکەن منداڵان لە خزمەتگوزاریـیە تەندروسـتیـیە سەرەتایـیەکان بێبەش ببن. ئاماژە بەو زیانانەش دەکات کە بەر سیستەمی ئاو و ئاوڕۆ دەکەون و دەبنە مایەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیە درمەکان.

هەروەها دەڵێت کەمی خۆراک و گرفتەکانی بەردەم کوتانی منداڵان لە دژی نەخۆشی هێندەی دیکە مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵان زیاترکردووە.

جێرت کاپیلارێ بەڕێوەبەری یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت"توندوتیژی سیستەمی تەندروستی ئیفلیجکردووە لەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵان دروستکردووە."

دەشڵێت لە پاڵ ئەوەی منداڵان بە بۆمب و گولـلە و تەقینەوەکان گیانیان لەدەسـتدەدەن، هەروەها منداڵێـکی زۆریش کە هەژماردە ناکرێن لە پەناوە بەو نەخۆشیانە گیانیان لەدەسـتدەدەن کە دەکرێت تووشی نەبن یان چارەسەر بکرێن.

XS
SM
MD
LG