Accessibility links

بەرپـرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشێلکاریـیەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە کوردیـیەکان شەرمەزاردەکات


بەرپـرسی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە بە توندی کۆمەڵێـک پـێشـێلکاری لەشکری تورکیای شەرمەزارکرد، لەوانە تەقەکردن لە خەڵکی سیڤیل و سووتاندنی زیاتر لە 100 کەس هەتا مردن.

زەید ڕەعەد ئەلحوسەین کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کۆمەڵێـک زانیاری بڕواپـێکراو کە باس لە ڕەفتارەکانی لەشکر و هێزەکانی ئاسایشی تورکیا دەکەن لە میانەی قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوچە کوردیـیەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە سەرەتای ئەمساڵدا.

پاشان گوتویەتی وەها پـێدەچێت هێزێکی گەورە ناهاوسەنگ بەکارهاتبێت و ماڵ و موڵکی خەڵکی و ژێرخانی ناوچەکە وێرانبووبن. ئاماژەی بۆ دەسـتگیرکردنی هەڕەمەکیـیانەی خەڵکی کرد لەگەڵ ئەشکەنجەدان و جۆری دیکەی مامەڵەی خراپ لەگەڵ خەڵکیدا.

گوتیشی قەدەغەی هاتوچۆ و حاڵاتەکانی کوشتن و دەسـتگیرکردن لە سەرانسەری باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوونەتە مایەی ئاوارەبوونی خەڵێـکی زۆر.

ئەم بەرپـرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێـکی لێدوانەکەی گوتی لە هەمووی بێزارکەرتر، ئەو ڕاپـۆرتانەن کە باس لەوە دەکەن لە ناوچەی جزیرە زیاتر لە 100 کەس کە چووبوونە نێو 3 ژێرزەمینەوە هەتا گیانیان لەدەسـتداوە سووتابوون، ئەمەش لە کاتێـکدا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە گەمارۆدرابوون. پاشان دوایکرد لێـکۆڵینەوەیەکی تەواو لەم بارەیەوە بکرێت و گوتی هەتا ئێستا پـێناچێت ئەنکەرە داوای کردبێت لێکۆڵینەوەیەک ئەنجا بدرێت و هەروەها داوای ئۆفیسی مافەکانی مرۆۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ نەکردووە بۆ سەردانی ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.

XS
SM
MD
LG