Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: بە سەدان کەسی سیڤیل لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ کوژراون


کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت لە 17 ی مانگی دووەوە هەتا 22 ی مانگی سێ لە ڕۆژئاوای موسڵ بە لایەنی کەم 307 کەس کوژراون و 273 کەسیش برینداربوون و ڕاپـۆرتیش هاتوون دەڵێن لە نێوان 23 و 26 ی مانگی سێ لە چوار گەڕەکی ڕۆژئاوای شارەکە بە لایەنی کەم 95 کەسی سیڤیل کوژراون.

زەید بن ڕەعەد ئەلحوسەین ئەمڕۆ سێشەممە لە جنێڤ گوتی چەکدارانی داعش خەڵکی سیڤیل دەخەنە نێو بینای بۆمبڕێژکراو و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنن و تەقە لەو خەڵکە دەکەن کە دەیانەوێت شارەکە چۆڵ بکەن.

هەروەها گوتی" دوژمنێـکە بەبێ بەزەیـیانە خەڵکی سیڤیل بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و بە ڕوونی دیارە بە هیچ شێوەیەک باکی نییە ئەو خەڵکە دووچاری مەترسی بکات."

داواشی لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کرد نەکەونە ئەو بۆسەیەوە، وە هەروەها داوایکرد لێکۆڵینەوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بکرێت لە بارەی ئەو ڕووداوە خوێناویانەی دەڵێن هێزەکانیان دەستیان تیایاندا هەبووە.

بەپـێی کاربەدەسـتانی عێراق لە مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 200 هەزار کەسی سیڤیل لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ هەڵهاتوون.

بەڵام بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 600 هەزار کەس هێشتا لە ناوچەی کۆنی شاری موسڵ لە ژێر دەستی داعشدا ماون.

لە لایەکی دیکە ڕێکخراوی ئەمنستی ڕەخنەی لە عێراق و هاوپەیمانان گرت لەسەر شەڕی موسڵ، دەڵێت وەک پـێویست ڕێوشوێنیان نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل.

XS
SM
MD
LG