Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیارە لە کۆنگرەی مرۆیی جیهانی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە مرۆیـیەکان بگۆڕێت


کۆنگرەی مرۆیی جیهانی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم ڕۆژی کارەکانی خۆی لە شاری ئستەنبوڵی تورکیا دەستپـێکرد.

کۆنگرەکە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بان کی مون سـکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ نزیکەی 60 سەرۆک و سەرۆکی حکومەت تیایدا بەشداری دەکەن. هەروەها چەندان ڕێکخراوی ناحکومی و مرۆیی ئامادەی دەبن.

ئامانجی کۆنگرەکە چاکسازیـیکردنە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە مرۆیـیەکانی لە ئاکامی شەڕ و پـێـکدادانەکان دروسـت دەبن.

لە سەرەتای کردنەوەی کۆنگرەکە، سـکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکەیدا گوتی لەوەتای شەڕی جیهانی دووەمەوە جیهان هێندەی ئێسـتا ئەو هەموو ئاوارەیەی نەدیوە وەکو ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، بۆیە داوادەکات گۆڕانکاری بکرێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە قەیرانانە لە جیهاندا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بۆ بەهاناچوونی قوربانیانی شەڕەکان زیاتر لە 80% ی ئەو پارەیە خەرج دەکرێت کە بۆ کارە مرۆیـیەکان تەرخان کراون. پاشان داوای کرد لە هەموو کاتێـک زیاتر هەوڵ بدرێت بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل، ئەوانەی ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە وڵاتەکەی میوانداری کۆنگرەکە دەکات، داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد بەرپـرسیارێتی سەرشانی خۆی لەم بارەیەوە لە ئەستۆبگرێت، گوتی ئەم سیستمەی ئێسـتا وەهای کردووە قورسی ئەرکەکە بکەوێتە سەر شانی تەنیا چەند وڵاتێـک.

ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە وڵاتەکەی لە ئەوروپا زۆرترین ژمارەی پەنابەری گرتووەتەخۆ، داوای لەو وڵات و ڕێکخراوانە بەڵێنەکانیان ببەنەسەر. گوتی " هەن بەڵێن دەدەن، بەڵام دواتر هیچ پارەیەک بۆ پـرۆژەکان نانێرن. دەبێت ئەمە بوەستێت."

XS
SM
MD
LG