Accessibility links

چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌نگ له‌سه‌ر پـرۆژه‌ بڕیارێـکی فه‌ڕه‌نسا له‌ دژی داعش بدات


بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی هەینی به‌ کاتی نیویۆرک دەنگ لەسەر پـرۆژە بڕیارێـک بدات کە لە لایەن فەڕەنساوە پـێشنیارکراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.

بەپـێی سەرچاوەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پـرۆژەکە کە لە پاش هەفتەیەک لە هێرشەکانی سەر پاریس خراوەتە بەردەم ئەنجومەنەکە، داوا لە وڵاتان دەکات هەوڵ و هەماهەنگیـیەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە کارە تێرۆرسـتیـیەکانی داعش و گروپەکانی سەر بە قاعیدە. هەروەها ڕێگە لە هاوڵاتیانیان بگرن و نەهێڵن پەیوەندی بە داعشەوە بکەن و ڕێگەش نەدەن یارمەتی و کۆمەکی ئەو گروپە توندڕەوانە بکرێن.

داواش دەکات ڕێوشێونێک لە دژی داعش لە عێراق و سوریا بگێرێنەبەر کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیـیەکاندا بگونجێن.

فڕانسوا دولاتەر باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئەو هەڕەشە بێ پـێشینەیەی داعش هەیەتی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، پـێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی توند و یەک دەنگە لە ئەنجومەنی ئاسایشه‌وه‌. داوایکرد بە زووترین کات پـرۆژە بڕیارەکە پەسەندبکرێت.

جەختی لەوەش کرد بڕیارەکە بۆ پـێدانی ڕوویەکی یاسایی نیـیە بۆ هێرشە ئاسمانیـیەکانی له‌ ئێستادا لە دژی داعش به‌ڕێوه‌ده‌چن، بەڵکو پاڵپشـتیـیەکی سیاسیـیە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئێسـتا و لە داهاتوو لە دژی ئەم گروپە دڕندەیە ئەنجام دەدرێن.

جێی ئاماژەیە ڕووسیاش ڕۆژی چوارشەممە پـرۆژە بڕیارێـکی مانگی نۆی خۆی بە شێوەیەکی نوێ خستە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵیدا نیـین بەو پـێـیەی داوای بەشداری‌پـێکردنی ڕژێمی ئەسەد لە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە توندڕەوەکاندا دەکات.

XS
SM
MD
LG