Accessibility links

ئۆکرانیا کەسێـکی تێرۆرستی فەڕەنسایی بە 150 کیلۆگرام تەقەمەنی دەسـتگیردەکات

  • VOA News

ڤاسیل گریتساک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا

ڤاسیل گریتساک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەڵێن کەسێـکیان دەسـتگیرکردووە ڕەگەزنامەی فەڕەنسایی هەیە کە خۆی ئامادە کردبوو هێرشی تێرۆرستی ئەنجام بدات لە میانەی یاریـیەکانی جامی 2016 ی ئەوروپا بۆ تۆپی پـێ، ئەوەی بڕیارە ڕۆژی هەینی لە فەڕەنسا دەسـتپـێبکات.

میدیاکانی فەڕەنسا دەڵێن کەسەکە ناوی گغیک مواغەموتوویە و تەمەنی 25 سـاڵە و لەسەر سنووری ئۆکرانیا لەگەڵ پـۆڵەندا دەسـتگیرکراوە.

ڤاسیل گریتساک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند ئەو کەسە لە 21 ی مانگی پـێنجەوە دەسـتگیرکراوە بە 125 کیلۆگرام TNT و 2 ئارپـیجی و 5 کلاشینکۆڤ و نزیکەی 5 هەزار فیشەک و بەنیازبوو 15 هێرش لە فەڕەنسا ئەنجام بدات، لەوانە هێرشکردنە سەر پـردەکان، جادە سەرەکیـیەکان، مزگەوت، کەنیشتی جووەکان. گوتیشی کەسێـکی زۆر نەتەوەپەرستە و لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی وڵاتەکەیەتی لەبارەی هاتنی زۆری بیانی بۆ فەڕەنسا و بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام تیایدا. بەمەش بە تاوانەکانی بە قاچاغبردنی چەک و تەقەمەنی و هەروەها هەوڵی ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی دادگایی دەکرێت.

کاربەدەسـتانی ئاسایشی ئۆکرانیا دەڵێن لە مانگی دوازدەی سـاڵی ڕابردووە بە وردی چاودێریان کردووە و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە نیشانی دەدات چۆن سەرقاڵی بارکردنی چەکەکان بووە و پاشان هێزەکانی ئاسایش دەسـتگیری دەکەن.

جێی ئاماژەیە یاریـیەکانی جامی ئەوروپا لە 10 ی ئەم مانگی شەشە لە پاریس دەسـتپێـدەکەن و ڕێوشوێنی توند گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی. دەڵێن 90 هەزار پـۆلیس و ئاسایش بۆ ئەم کارە تەرخانکراون کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 7 ملیۆن کەس بۆ بینینی یاریـیەکان ڕوو لە پاریس بکەن.

XS
SM
MD
LG