Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما پـیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیری نوێی بەریتانیا دەکات


بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما پـیرۆزبایی لە خانم تێرێزا مەی کرد بەبۆنەی گرتنەدەستی حکومەتی شانشینی بەریتانیا.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سپـی پـیرۆزبایـیەکەی ڕاگەیاند و گوتی خانم تێرێزا بەو پـێـیەی پـێشتر وەزیری ناوخۆ بووە زۆر کاری لەگەڵ کاربەدەسـتانی ئەمەریکایی کردووە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کاربەدەستەکان باسیان لە توانا و لێهاتوویی ئەم خانمە کردووە.

شاژنی بەریتانیا (ئێلیزابێثی دووەم) دوێنێ چوارشەممە لە کۆشـکی بەکینگهام بە فەرمی پـێشوازی لە خانم تێرێزا کرد و ڕایسپارد حکومەتی نوێی شانشینەکە پـێـکبهێنێت، ئەمەش پاش ئەوەی دەیڤد کامیرۆنی سەرۆک وەزیر دەسـتی لەکارکێشایەوە لە ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەی تیایدا بەریتانیـیەکان بڕێاری جیابوونەوەی وڵاتەکەیان دا لە یەکێتی ئەوروپا.

بەمەش تێرێزا مەی دەبێتە دووەم خانم لە مێژووی بەریتانیا پـۆستی سەرۆک وەزیر بگرێتەدەست. پـێشتر لە نێوان ساڵەکانی 1979 هەتا 1990 مارگرێت تاتچەر سەرۆکایەتی حکومەتی لەو شانشینە کردبوو.

خانم تێرێزا لە چوارچێوەی گۆڕانکاریـیەکانی لە حکومەت کردوویەتی، بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی پـێشووی شارەوانی لەندەنی بۆ پـۆستی وەزیری دەرەوە دەستنیشانکردووە. ناوبراو یەکێـک بوو لەوانەی بە توندی لەگەڵ دەرچوونی بەریتانیا بوون لە یەکێتی ئەوروپا. ئۆفیسی خانم تێرێزا دەڵێت ئیلێزابێثی شاژن لەم بارەیەوە ڕەزامەندی دەربڕیوە.

فلیب هامۆندیش کە لە حکومەتەکەی دەیڤد کامیرۆن وەزیری دەرەوە بوو، لەم حکومەتە نوێـیە وەزارەتی دارایی ڕادەسـت دەکرێت تاوەکو شوێنی جۆرج ئۆزبۆرن بگرێتەوە کە لە ساڵی 2010 وە وەزیری دارایی بوو.

هەروەها خانم تێرێزا 4 خانمی بۆ گرتنە دەسـتی چوار وەزارەت دەسـتنیشانکردووە، لەوانە خانم ئەمبەر ڕوود بۆ پـۆستی وەزیری ناوخۆ.

XS
SM
MD
LG