Accessibility links

پـیاوێـک و هاوسەرەکەی لە بەریتانیا هەوڵێکی تێرۆرسـتیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە


دادگایەکی بەریتانیا پـیاوێـک و هاوسەرەکەی بە تاوانکار دانا بە تۆمەتی پـلاندانان بۆ هێرشێـکی تێرۆرستی لە دەیەمین سـاڵیادی هێرشەکانی لەندەن کە ڕێکەوتی 28 ی مانگی پـێنج بوو.

محەمەد ڕەحمان تەمەن 25 سـاڵ و هاوسەرکەی سەنا ئەحمەد خان دوێنێ سێشەممە برانە بەردەم دادگای ئۆڵد بەێڵی لەندەن و لەوێ دادوەر ڕایگەیاند کە بەڵگەکانیان بەسەردا سـاغ بوونەتەوە.

محەمەد ڕەحمان لەسەر تویتەر بە ناوی "Silent Bomber" حسابێکی دروستکردبوو و تیایدا پـرسیاری کردبوو ئایا مۆڵێـک یان تۆڕی میترۆکانی لەندن بتەقینێتەوە. هەروەها لینکی بەیانـنامەیەکی قاعیدەی دانابوو کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2005 دا بڵاوکرابووەوە و تیایدا باس لەو چوار خۆکوژە دەکرێت کە 10 سـاڵ لەمەوبەر تۆڕەکانی هاتوچۆی لەندنیان کردە ئامانج و بەهۆیانەوە 52 کەس کوژران.

هەروەها لە شوێنی وێنەکەی لە تویتەر، وێنەی جۆن ئیموازی خوێنڕێژەکەی داعشی دانابوو، ئەوەی چەندان بارمتەی بیانی لە سوریا سەربڕی و پاشان لە ناوەڕاستی مانگی یازدە بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە سوریا کوژرا.

داواکاری گشتی لە لەندەن گوتی محەمەد ڕەحمان زۆر گرنگی بە داعش دابوو، بەڵام لە مانگی پـێنج دەسـتگیرکرا پاش ئەوەی ئەو نووسینانەی لەسەر تویتەر بڵاوکردەوە.

پـۆلیس لە ماڵی ئەم دوو تاوانکارە دەستیگرت بەسەر زیاتر لە 10 کیلۆگرام لە ماددەی نتراتی یوریا، کە دەشێت بۆ دروسـتکردنی بۆمبێـکی گەورە بەکاربهێنرێت.

تۆنی بایدناخ داواکاری گشتی گوتی ئەو دووانە بەو شارەزایـیەی لە بواری کیمیادا هەیانبووە، دەیانتوانی لە ماوەی چەند ڕۆژێـک بۆمبەکە دروستبکەن.

XS
SM
MD
LG