Accessibility links

کامیرۆن لە پاش هێرشەکەی تونس دەیەوێت فڕۆکەی بەریتانی بۆردومانی داعش لە سوریا بکات


لە پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکەی هەفتەی ڕابردووی تونس، ئەوەی بەهۆیەوە نزیکەی 30 گەشتیاری بەریتانی کوژران، دەیڤد کامێرۆن سەرۆک وەزیری بەریتانیا دەیەوێت هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە سوریاش ئەنجام بدات.

خانمە گوتەبێژی دەیڤد کامیرۆن ڕۆژی پـێـنجشەممە ڕایگەیاند بەڕێز کامیرۆن دەیەوێت یاسادانەران تاووتوێی مەسەلەی بەشداریکردنی بەریتانیا لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش لە سوریا بکەن.

گوتیشی " ئەوەی ئێسـتا گۆڕاوە ئەوەیە بەڵگەی زیاتر هەن کە داعش لێرە لە بەریتانیا مەترسیـیە بۆ سەر خەڵکی و هەروەها مەترسیشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیـیمان."

پاشان گوتی بۆیە سەرۆک وەزیر بە پـێویستی دەزانێت یاسادانەران تاووتوێی ئەم مەسەلەیە بکەن و هەروەها چی دیکەش بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. گوتیشی بەم زووانە داوای دەنگدان لەسەر مەسەلەکە ناکات، بەڵکو دەیەوێت جوان بە وردی تاووتوێی بکەن.

دواتر گوتی بەڕێز کامیرۆن پـێی وایە پاساوی یاسایی هەن بۆ ئەم هەنگاوە و لە ئێسـتادا فڕۆکە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەریتانی بەسەر ئاسمانی سوریاوە دەفڕن و زانیاری کۆدەکەنەوە و دەکرێت لە داهاتوودا هێرشی ئاسمانیش ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG