Accessibility links

بەریتانیا بۆ لێدانی داعش بنکەیەکی لەشکری خۆی لە قوبرس بۆ فەڕەنسا دەکاتەوە


حکومەتی بەریتانیا بنکەیەکی لەشکری خۆی لە قوبرس بۆ هێزەکانی فەڕەنسا کردەوە تاوەکو هێرشی ئاسمانی زیاتر لە دژی داعش ئەنجام بدات.

ڕۆژی دووشەممە لە پاریس پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا، دەیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیری بەریتانیا گوتی بنکەی هێزی ئاسمانی Akrotiri ی بەریتانیا لە قوبرس واڵادەبێت لە بەردەم هێزەکانی فەڕەنسا، وە هێزەکانی بەریتانیاش لەوێ یارمەتی لۆجستیـیان دەدن، وەکو پـێدانی سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی فەڕەنسا.

پاشان کامیرۆن باسی لە گرنگی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە لایەن فڕۆکەکانی وڵاتەکەشیەوە کرد لە دژی داعش لە سوریاش و گوتی هەوڵ دەدات بۆ ئەم مەبەستە مۆڵەت لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وەربگرێت. لە ئێسـتادا بەریتانیا تەنها لە عێراق بۆردومانی داعش دەکات لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

سەرۆکی فەڕەنساش لای خۆیەوە گوتی ئامانجی ئەم جموجۆڵە لەشکریـیە نوێـیەی فەڕەنسا ئەوەیە زۆرترین زیان بە داعش بگەیەنرێت لە سوریا و عێراق، جەختی لەوەش کرد وڵاتەکەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی لەم دوو وڵاتە چڕدەکاتەوە.

باسی لەوەش کرد فەڕەنسا بڕوای بەوەیە گرنگە لێدانی داعش لە سوریا بەردەوام بێت، گوتی کەشتی فڕۆکە هەڵگری شارڵ دیغۆل کە هەفتەی ڕابردوو گەیشتووەتە دەریای ناوەڕاست، ئەرکێـکی ڕوون و ئاشکرای هەیە ئەویش لێدانی داعشە بە توندی.

هاوکات لەشکری فەڕەنسا ڕایگەیاند بۆ یەکەم جار فڕۆکەی وڵاتەکەیان لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری شارڵ دیغۆلەوە هەستاوە و شوێنی داعشی لە موسڵ و ڕومادی بۆردومانکردووە.

XS
SM
MD
LG