Accessibility links

دادگایەکی تورکیا بڕیاری ئازادکردنی سەرۆکی ژوری پارێزەرانی دیاربەکری دا


پاش ئەوەی تاهیر ئەلچی سەرۆکی ژوری پارێزەرانی دیاربەکر دەسـتگیرکرا بە تاوانی پـرۆپاگەندە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بەرەو شاری ئستەنبوڵ برا هەتا لەوێ دادگایی بکرێت.

دادگاکەی ئستەنبوڵ پاش وەرگرتنی لێدوانەکانی بڕیاری ئازادکردنی دا، بەڵام لێی قەدەغەکردووە وڵات جێبهێڵێت. ئەلچی بە دادگای گوتووە ئەو هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕیندا قسەی خۆی کردووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆگانی تورکی دەڵێت لەو کاتەی ئەلچی لە هۆڵی دادگا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرا، ژمارەیەک بەرپـرسی باڵای هەدەپە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەسـتگیرکردنی لە دەرەوەی دادگاکە کۆبووبوونەوە.

جێی ئاماژەیە ئەلچی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN Turk گوتبووی پارتی کرێکارانی کوردسـتان تێرۆرست نیـیە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی سیاسی گرنگە و پـیشـتیوانیـیەکی زۆری هەیە، ئەگەرچی هەندێـک لە کارەکانی سیمایەکی تێرۆرسـتی هەیە.

ئەلچی لەوە کاتەی لە لایەن پـۆلیسەوە دەسـتگیرکرابوو، گوتبووی "ئەم دیمەتە نیشـانی دەدات ئازادی ڕادەربڕین ئەمڕۆ لە تورکیا گەیشـتووەتە چ ئاستێـک." پاشان گوتویەتی " ئایا ئازادی و دیموکراسی لە تورکیا هەیە یان نا، ئەوا لەم دیمەنە وەڵامەکەت دەسـتدەکەوێت."

XS
SM
MD
LG