Accessibility links

تورکیا زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە کارەکانیان دەردەکات

  • VOA News

دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان دەرکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی دەسـتیانپـێکردووە لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت.

فەرمانی دەرکردنی ئەم فەرمانبەرانە ئەمڕۆ سێشەممە لە دوو بڕیاری جیاوازدا ڕاگەیەندرا. تیایاندا نووسراوە 15726 کەس لە کارەکانیان دەرکراون، لەوانە 7600 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و 2700 کەس لە وەزارەتی ناوخۆن و 1956 ئەفسەر و سەربازی هێزی ئاسمانی و دەریایی و نزیکەی 1200 کەس لە کەرتی خوێندن.

هەروەها لە بڕیارەکاندا باس لە داخستنی 550 سەنتەر و ناوەند دەکرێت لەگەڵ 9 دەزگای ڕاگەیاند و 19 بنکەی تەندروستی تایبەت.

هاوکات ئەمڕۆ 20 کارمەندی بەندیخانەی سیلیڤری نزیک ئستەنبوڵ دەسـتگیرکران بەهۆی بەکارهێنانی ئاپی پەیوەندی Bylock لە مۆبایلەکانیاندا. تورکیا دەڵێت ئەم ئاپە لە لایەن لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن بۆ پەیوەندی نهێنی بەکارهێنرابوو لە کاتی هەوڵی کودەتاکەدا.

حکومەتی تورکیا ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی یاسای باری نائاسایی دەدات کە لە پاش هەوڵی کودەتاکە لە وڵاتەکە ڕایگەیاندووە. یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن حکومەتی تورکیا ئەم یاسایەی قۆستووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی خۆی.

لەوەتای مانگی حەوتەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کارەکانیان دەرکراون و 35 هەزار کەسیش دەسـتگیرکراون.

سەرەڕای ئەو هەموو دەرکردن و دەسـتگیرکردنانە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ لە وتارێـکیدا لە ئەنکەرە گوتی هێشتا لایەنگرانی گولەن لە نێو لەشکر و پـۆلیس و دادگاکان و دامەزراوە جیاجیاکانی دەوڵەت ماون.

XS
SM
MD
LG