Accessibility links

دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنی 103 مامۆستای زانکۆیەکی ئستەنبوڵ دەدەن

  • VOA News

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا دەڵێت داواکاری گشتی لە ئستەنبوڵ فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ 103 مامۆسـتای زانکۆی تەکنیکی یڵدز دەرکردووە بە تاوانی پەیوەندی بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گوڵەن، ئەوەی تورکیا بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ڕابردوو تاوانباری دەکات.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت لە بەیانی زووەوە هەڵمەتی دەسـتگیرکردنی مامۆستاکان دەسـتیپێـکردووە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 73 مامۆستایان دەسـتگیرکراون. هەروەها پـۆلیس ماڵ و ئۆفیسی مامۆستاکانی پـشکنیوە.

دەشڵێت بەشێـک لەو مامۆستایانە ئەندامی ڕێکخراوەکە بوون و بەشێـکیشیان تاوانبارن بە بەکارهێنانی ئاپی پەیوەندی نهێنی ناسراو بە Bylock لە مۆبایلەکانیاندا. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن ئەم ئاپە لەلایەن لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوڵەن بەکارهێنرابوو لە کاتی هەوڵی کودەتاکەدا.

دوێنێ پـێنجشەممەش دەسەڵاتدارانی تورکیا 203 دادوەر و داواکاری گشتیـیان لە کارەکانیان دەرکرد بە هەمان تاوانی پەیوەندی بە گوڵەنەوە.

لە پاش هەوڵی کودەتاکە نزیکەی 110 هەزار کەس هەر لە ئەفسەری لەشکر و پـۆلیس و دادوەر و کاربەدەسـتی حکومی هەتا دەگاتە مامۆستای قوتابخانەکان لە کارەکانیان دەرکراون یان ڕاگیراون. هەروەها نزیکەی 36 هەزار کەسیش دەسـتگیرکراون.

XS
SM
MD
LG