Accessibility links

ڕێکخراوی HRW : تورکیا لە پاش هەوڵی کودەتاکە کەوتووەتە ئەشکەنجەدانی دەسـتگیرکراوان

  • VOA News

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزە ئاسایشیـیەکانی تورکیا لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوت و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵاتەکەیان کەوتوونەتە ئەشکەنجەدانی دەسـتگیرکراون.

ڕێکخراوی HRW ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپـۆرتێـکی 47 لاپەڕیی بڵاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی A BLANK CHECK ، واتە ئەو چەکە بانکیـیەی کەسێـک واژوی دەکات و دەیدات بە کەسێک و دەڵێت خۆت سەرپشکبە لەوەی چەند پارە دەنووسیت. ڕێـکخراوەکە بەم ناونیشانە مەبەستی لەوەیە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی دەسـتی هێزەکانی ئاسایشیان بە تەواوی واڵاکردووە. دەڵێت ئەم ئەشکەنجەدانانە نەک تەنیا ئەو کەسانەی گرتووەتەوە کە گومان دەکرێت دەسـتیان لە کودەتاکەدا هەبووبێت، بەڵکو کوردەکان و چەپڕەوەکانیشی گرتووەتەوە.

ڕاپـۆرتەکە لەسەر بنچینەی لێدوانی زیاتر لە 40 کەس بووە کە بریتین لە پارێزەر و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و کارمەندانی تەندروستی و شارەزای پـزیشکی دادوەری و دەسـتگیرکراوانی پـێشوو.

هەروەها باس لە 13 حاڵەتی ئەشکەنجەدانی دەسـتگیرکراو دەکات کە بە شێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجە درابوون، وەکو لێدانی توند و ڕاگرتن بە شێوازی ئازاربەخش و دەسـتدرێژی سێکسی و هەڕەشەکردن لاقەکردن.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت ڕەفتارەکانی پـۆلیس و فشاری دەسەڵاتداران وایکردووە بڕوا بەو ڕاپـۆرتە پـزیشکیانەش نەکرێت لە بارەی دەسـتگیرکراوەکانەوە کە لە بەندیخانەکان و بە ئامادەیی هێزەکانی ئاسایش نووسراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەداوە نە دەسـتگیرکراوەکان و نە پارێزەرەکانیشیان ڕاپـۆرتەکان ببینن.

XS
SM
MD
LG