Accessibility links

تورکیا زیاتر لە 12 هەزار پـۆلیس لە کارەکانیان ڕادەگرێت


دەسەڵاتدارانی تورکیا 12801 پـۆلیسیان لە کارەکانیان ڕاگرتوون، بە گومانی هەبوونی پەیوەندی لە نێوانیان و فەتحوڵڵا گولەنی کەسایەتی ئاینی تورکیا، ئەوەی ئەنکەرە بە پـلانداڕێژەری کودەتا شکستخواردوەکەی مانگی حەوت تاوانباری دەکات.

سەرۆکایەتی پـۆلیسی تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە نێویاندا 2523 ئەفسەر هەن. هاوکات لە وەزارەتی ناوخۆ 37 کەس لە کارەکانیان دورخراونەتەوە.

فەرمانی لە کار ڕاگرتنی ئەم هەزاران پـۆلیسە کە دەکەنە 5% ی کۆی هێزی پـۆلیسی وڵاتەکە، پاش ڕۆژێـک دێت لەوەی حکومەتی تورکیا بڕیاری دا باری نائاسایی درێژبکرێتەوە.

نوعمان قورتولموش جێگری سەرۆک وەزیر و گوتەبێژی حکومەت دوێنێ دووشەممە گوتی باری نائاسایی 90 ڕۆژی دیکە درێژدەکرێتەوە کاتێـک بەپـێی بڕیارێـکی پـێشوو لە 19 ی مانگی دە کۆتایی‌پێدەێت.

لەوەتای لە 15 ی مانگی حەوتەوە هەوڵی کودەتاکە لە تورکیا درا، نزیکەی 100 هەزار کەس لە لەشکر و پـۆلیس و دادوەر و فەرمانبەر و مامۆستا لە کارەکانیان ڕاگیراون یان دورخراونەتەوە. هەروەها نزیکەی 32 هەزار کەسی دیکە دەسـتگیرکراون.

XS
SM
MD
LG